ڕۆژنامەی ”جمهوریی ئیسلامی” نووسیویەتی ڕێژیمی ئێران لە دانیشتنی مۆسکۆ، وێرای ڕووسیە بۆ بە فەرمی ناسینی تاڵیبان هەنگاو هەڵدەگرێت و ئەوەش دەبێتە پەڵەیەکی ڕەش بە نێوچاوانی کۆماری ئیسلامییەوە.
ئەو ڕۆژنامەیە ئەو بڕیارەی ڕێژیمی ئێران کە دەیهەوێ تاڵیبان بە فەرمی بناسێ، بە هەڵەیەکی ستراتیژیک بۆ هەموو وڵاتانی ناوچەکە ناو دەبا و نووسیویەتی؛ ئەو بڕیارە بۆ ڕێژیمی ئێران لە هەڵەیەکی ستراتیژیک زیاترە و پەڵەیەکی ڕەشە بە نێوچاوانی ئەو ڕێژیمە کە بۆ هەتاهەتایە بە هیچ ڕەنگێک لێ نابێتەوە.
جێی ئامژەیە کە پشتیوانی نەکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ”ئەحمەد شا مەسعوود” و بەرەی بەرگری لە ویلایەتی پەنجشێر و هەروەها وتووێژەکانی تاران لەگەڵ تاڵیبان لە نێوخۆی ئێران ناڕەزایەتیی لێ کەوتووەتەوە.
هەروەها لەسەر ئەو بڕیارەی ڕێژیم، نوێنەری ”ئیبراهیم ڕەئیسی” باسی لەوە کردووە کە، لەسەر هێندێک بابەت لەگەڵ تاڵیبان ڕێک دەکەون و نوێنەرێکی مەجلیسی ڕێژیمیش پێوەندی لەگەڵ تاڵیبانی بە قازانجی ئێران زانیوە. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پێش لە هاتنەسەرکاری تاڵیبان، پێوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ ئەو گرووپەدا هەبووە کە یەک لەوان ”محەممەد جەواد زەریف” وەزیری دەرەوەی ڕێژیم لە کابینەی حەسەن ڕووحانی بوو کە چەندین جار لەگەڵ بەرپرسانی تاڵیبان لە تاران دانیشتنی هەبووە.