ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە عێراق دەڵێ: سازکردنی کێشە و هەوڵدان بۆ ناسەقامگیری عێراق و لەلایەن دژبەرانی ئاکامی هەڵبژاردنەکان، بارودۆخی سیاسی و ئەمنییەتی عێراق زیاتر بەرەو کێشە و گرفت دەبا.
موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە عێراق، ڕۆژی شەممە ١ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ئەم شێوە کارە و ناڕەزایەتیی دەربڕێن و هێندێک لێدوانی ئاژاوەگێڕیانە، بارودۆخی سیاسی و ئەمنییەتی عێراق بەرەو هەڵدێر دەبا و سیمایەکی خراپ لە وڵات نیشان دەدا و نابێ ئەم جۆرە هەڵسووکەوتانە درێژەی هەبێ و دەبێ بە زووترین کات کۆتایی پێبهێندرێ.
ناوبراو لە درێژەی بەیاننامەکەدا دەڵێ: نابێ هیچ گوشاریک لەلایەن، هێزەکانی دیکەوە بخرێتە سەر کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و لە کاری دەزگای قەزایی و دادگای فیدراڵدا نابێ هیچ جۆرە دەستێوەردانێک بکرێ.
سەدر هەروەها رایگەیاند کە دەبێ ئارامی و سەقامگیری بە خێراترین کات بگەڕێتەوە بۆ وڵات، تاکوو کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان قۆناغەکانی پێداچوونەوە بەڕێوە ببا.
جێگای ئاماژەیە کە ئەو گرووپانەی کە لە عێراق گومانی ئەوەیان لەسەرە کە لە تێرۆری چالاکانی سیاسی و مەدەنی عێراقیان دەستیان هەبووە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقدا زۆربەی کورسییەکانیان لەدەستداوە و ئێستاش ئاکامی هەڵبژاردنەکان قەبووڵ ناکەن.