قەڵا و قارنجە دوو گوندن کە وەک دەستە خوشک هەمیشە ناویان لەگەڵ یەکتری دێ. هەر لەکۆنەوە بەیتبێژان و حەیرانبێژان و هونەرمەندانی ئه‌و مه‌ڵبه‌نده ناوی ئەو دوو گوندە بە یەکەوە دێنن. ئاواییەکانی قەڵا و قارنجە لەسەر چۆمی تەتەهوو لە نزیک جادەی میاندواو- بۆکان هەڵکەوتوون. بنەماڵەی “خورشیدی”یەکان ناوێکی ئاشنان لەم دەڤەرە کە گرێدراوی کوردایەتی و خەباتی حیزبی دێموکڕاتن. زۆر لە خورشیدییەکان هاتنە ڕیزی پێشمەرگایەتی و چەند کەس لەوان بە ناوەکانی “سمایل خورشیدی”، “فەتاح خورشیدی”، “سەلاح خورشیدی” و “خالید خورشیدی” شەهید بوون و عوسمان خورشیدی و یوسف خورشیدی کە کەمئەندامن، ئێستا لە دەرەوەی وڵات دەژین. لە “هەگبەی شاخ و شۆڕش” ئەمجارەدا یاد و ناوی فەرماندەی قارەمان سمایل خورشیدی دەکەینەوە.
سمایل خورشیدی ساڵی ١٣٤١ی هه‌تاوی له بنه‌ماڵه‌یه‌كی جووتیار له گوندی (قه‌ڵای ڕسووڵه سیت)ی ناوچه‌ی چۆمی مه‌جیدخان له‌دایك بوو. هەتا پۆلی ٥ی سه‌ره‌تایی خوێندی و پاشان بۆ یارمەتیدانی بنەماڵەکەی ملی لە کاری وه‌رزێری نا. كاتێك ڕاپه‌ڕینی گه‌لانی ئێران به‌دژی ڕێژیمی پاشایه‌تی ده‌ستی پێ كرد، سمایل بۆ هاندانی لاوان، دژی ڕێژیمی شا ته‌بلیغاتی ده‌كرد. به ده‌ستپێكردنی تێكۆشانی ئاشكرای حیزب، سمایل پێوه‌ندی به ته‌شكیلاتی حیزبه‌وه گرت و وه‌ك لایه‌نگری حیزبی دێموكرات دەستی بە تێکۆشان کرد. پاشان بەڕەسمی چەکی پڕ لە شانازیی پێشمەرگایەتی لەشان کرد و له هێزی به‌یان سازمان درا.
سمایل له ماوه‌یه‌كی كورتدا ئازایەتی و بوێریی خۆی نیشان دا و جێگای خۆی له‌نێو دڵی هاوسهنگهرانیدا كرده‌وه. سمایل له‌شه‌ڕی “هۆرتهكهند”ی ناوچه‌ی فه‌رهادتاش له ڕۆژی ١٩ی خه‌رمانانی ساڵی ١٣٦١ بریندار بوو و دوای ساڕێژبوونه‌وه‌ی برینه‌كه‌ی گه‌ڕایەوه سه‌نگه‌ری خه‌بات. ئەو ساڵی١٣٦٢ به‌هۆی لێوهشاوەییەوه ڕه‌وانه‌ی ده‌وره‌ی مودیرییه‌ت له “ئالان”ی سه‌رده‌شت كرا و پاش ته‌واوبوونی ده‌وره‌كه به سه‌ركه‌وتوویی گه‌ڕایەوه ناوچه‌ی بۆكان و ده‌ستی به تێكۆشانی خۆی كرده‌وه. هەر لە ساڵی ١٣٦٢ وه‌ك سه‌رپه‌ل دیاری كرا و لهوبەرپرسایەتییەشدا به‌وپه‌ڕی دڵسۆزییه‌وه كاری کرد و دواتریش به‌هۆی لێهاتووی له به‌هاری ساڵی ١٣٦٤ وه‌ك جێگری لكی ٢ دیاری كرا. ئەو لە بەرپرسایەتییەکانیدا نیشانی دا كه كوڕی ڕاسته‌قینه‌ی ڕێگای خەباتە. دروستی و ڕاستی و سەداقەتی سمایل وای کردبوو کە بەرپرسایەتیی زیاتری پێ بسپێردرێ.
سمایل له زۆربه‌ی شه‌ڕه‌كانی ناوچه‌ی بۆكان به‌شداری كرد و چەند جاری دیكه‌ش بریندار بوو. ئەو جگه له‌وه کە پێشمەرگەیەکی ئازا و فەرماندەیەکی لێهاتوو بوو، كادرێكی سیاسی و ههڵسووڕیش بوو. شەڕەکانی باغی ئەحمەدی، کوورەخانەکانی ساروقامیش، جادەی بۆکان-میاندواو، سەقز- بۆکان، پایەگای قۆچاغ، مەڵلالەر، باغڵووجە، بۆگەبەسی، شەڕی داشبەند، وەشتەپە، ستوونی ٨٠١ی هەوابوردی شیراز، حوسینئاباد، شامات و شاروێران شاهیدی بۆ فیداكاریی ئه‌م پێشمه‌رگه تێكۆشه‌ره و فەرماندە هەڵسووڕەی دێموکڕات دەدەن و ئەمانە نموونەیەکی چووکەن لە دەستوبردی سمایڵ خورشیدی. ئەو هه‌میشه له سه‌نگه‌ری پێشه‌وه‌دا بوو. سمایل له بواری فێربوونه‌وه هه‌وڵی دەدا و هەموو ڕۆژێ شتی تازە فێر دەبوو، بۆ هاوسەنگەرانی کۆبوونەوەی دەگرت و هەموو ئالوگۆڕەکانی سەردەمی بۆ شی دەکردنەوە. ئەو لەبەرانبەر دژمندا قورس و قایم، ئازا و هەڵمەتبەر بوو، لەحاند هاوسەنگەرانیدا هەمیشە هەوڵی دەدا زمانی قەناعەت بەکاربێنی. ئه‌و ڕۆڵه‌یه‌كی ئازا و تێكۆشه‌ر و شۆڕشگێڕێكی ڕاسته‌قینه و دڵسۆز و خۆشه‌ویستی هاوڕێیانی و کۆمەڵانی خەڵكی کوردستان بوو. سمایل هه‌موو جارێ کە بریندار دەبوو پاش ساڕێژبوونه‌وه‌ی برینه‌كه‌ی به شانازییه‌وه دهگهڕایەوه سه‌نگه‌ری ئازادی و به عه‌لاقه‌یه‌كی پتره‌وه ئه‌ركه‌كانی به‌جێ ده‌گه‌یاند.
دڵسۆزی و فیداكاری سمایل و تێكۆشانی بێوچانی و به هه‌ڵمه‌تی دژمنشكێنی نیشانی دا شیاوی هەموو پله و بهرپرسایهتییەکە و له كاری فه‌رمانده‌ییدا ڕۆڵه‌یه‌كی كارلێهاتوو و ئازایه، به چه‌شنێك كه قاره‌مانه‌تی و نه‌ترسیی سمایل له ناوچه‌ی بۆكان ده‌نگی دایه‌وه. دژمن بۆ بهچۆك داهێنانی سمایل و دوورخستنه‌وه‌ی له خه‌باتی عادڵانه‌ی گه‌له‌كه‌ی و ڕێزی پێشمه‌رگه‌كان، هیچ چاره‌یه‌كی نه‌مابوو بێجگه له‌وەی كه فشار بۆ كه‌سوكار و بنه‌ماڵه‌كه‌ی بێنێ به‌ڵكوو سمایل خۆی تەسلیم بکاتەوە. به‌ڵام سمایلی شۆڕشگێڕی به‌ئیمان، كه وه‌فادار به ئامانجی شه‌هیدان و ڕێبازی حیزبه‌كه‌ی بوو په‌یمانی به گه‌له‌كه‌ی و خوێنی شه‌هیدان دابوو كه یان ده‌بێ ئامانجه‌كانی ئه‌وان وه‌دی بێنێ یان له سه‌نگه‌ردا شه‌هید بێ.
له سه‌ره‌تای مانگی ڕه‌زبه‌ری ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی له‌لایه‌ن كۆمیتەی شارستانه‌وه مه‌ئمورییه‌ت به ده‌سته‌یه‌ك له پێشمه‌رگه‌كانی لكی ٢ی هێزی به‌یان ده‌درێ. پاش جه‌وله‌یه‌كی سیاسی- نیزامی له ناوچه‌كانی ئه‌حمه‌دی كۆڕ و ئاڵه‌شین، ڕۆژی 13ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی پاش ڕێگابڕینێكی زۆر سه‌عات 3ی به‌ره‌به‌یانی له باغێكی گوندی “حاجیابادی ته‌ته‌هوو” پشوویان ده‌دا کە به‌داخه‌وه به‌هۆی جاسوسێكی خۆفرۆش دژمن پێیان ده‌زانێ و له‌سه‌عاتی ١٢:٣٠ی نیوه‌ڕۆ ده‌وریان ده‌درێ. پێشمه‌رگه‌كان 22 كه‌س بوون. له‌پڕ له‌هه‌موو لایه‌ك جاش و خائینان جێگای پێشمه‌رگه‌كانیان ئاورباران كرد، له یه‌كه‌م ده‌ستڕێژدا به‌داخه‌وه سمایل خورشیدی فەرماندە له‌گه‌ڵ حه‌وت هاوسه‌نگه‌ری دیكه‌ی بە ناوەکانی سەدیق ئەحمەدی ناسراو بە سه‌رهه‌نگ، محه‌ممه‌د ڕه‌حیمی ناسراوە بەمحەممەد حاجیابادی، مه‌حموود چوپانزاده ناسراو بە مەحموود قۆچاغی، ڕه‌حمان مامه‌ش ناسراو بە ڕەحمان چواردیواری، قاسم فه‌یزی، سولێمان ئارامش و هه‌مزه ئیفتخاری شه‌هید بوون و بۆ جارێکی دیکە بنه‌ماڵه‌ی سمایل خورشیدی بۆ له‌ده‌ستدانی چوارەمین ڕۆڵه‌ی شه‌هیدیان ڕه‌شپۆش بوون.
هه‌زاران سڵاو له گیانی پاكی شه‌هیدان: سمایل خورشیدی و ٧ هاوسەنگەرەکەی و هەموو شەهیدانی سوورخەڵاتی کوردستان.