لە ماوەی مانگی ڕەزبەری ئەمساڵدا لانیکەم ٧ مێرمنداڵ لە شارە جیاجیاکانی کوردستان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی ڕابردوو ٢٧ و ٢٨ی ڕەزبەر ی ١٤٠٠ی هەتاوی، دوو مێرمنداڵ بە ناوەکانی مەتین عوسمانی تەمەن ١٤ ساڵ خەڵکی ورمێ و ماشەڵڵا ئازەرەخش تەمەن ١٨ ساڵ خەڵکی شنۆ بە هۆی کێشەی خێزانییەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ماشەڵا ئازەرەخش لەڕێگای بەکارهێنانی چەک و مەتین عوسمانی لەرێگای خۆهەڵواسینەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
جێی ئاماژەیە کە لەماوەی مانگی ڕەزبەری ئەمساڵدا لانیکەم ٧ مێرمنداڵی ژێر ١٨ ساڵ کە ٥ کەسیان کچ بوون لە شارەکانی کرماشان، سنە، نەغەدە ورمێ و شنۆ کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
کێشە کۆمەڵایەتییەکان، هەژاری و بێهیوایی لە کۆمەڵگەدا لە هۆکارە سەرەکییەکانی خۆکوشتنن وساڵانە بە سەدان کەس پەنا بۆ خۆکوژیی دەبن کە ئەو دیاردەیە لە نێو مێرمنداڵان و گەنجاندا بەشێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە.