ئاڤیگدۆرلیبێرمەن، وەزیری دارایی ئیسرائیل: لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆسەر بەرنامەی ناوکیی ئێران مەپرسن بەڵکوو پرسیارەکەتان دەبێ ئەوە بێت کەی هێرش دەکەین.
وەزیری دارایی ئیسرائیل “ئاڤیگدۆر لیبێرمەن” لە لێدوانێکدا وتی: ئیسرائیل خۆی ئامادە دکات کە هێرش بکاتە سەر بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران، ئەم وتانەی لیبێرمەن لە میدیاکانی دنیا دەنگدانەوەیەکی زۆری بوو و وەکوو هەڵوێستێکی فەرمی دەوڵەتی ئیسرائیل هوشدارێک بۆ هەموو وڵاتانی دنیا بوو کە ئەگەر بیرێک بۆ ڕاوەستاندنی ڕێژیمی ئێران نەکەنەوە ئیسرائیل خۆی ڕایدەوەستێنێ.
لە ماوەی چەن حەوتووی ڕابردوودا سەرۆک وەزیر و وەزیری بەرگریی و هەروەها وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لێدوانی هاوشێوەی لیبێرمەنیان بووە و بەڵام وتەکانی ئێستا لەکاتێکی هەستیار کراوە کە ئەمریکا و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیش ئاماژەیان بەوە کردووە کە ڕێژیمی ئێران خەریکە یەک لە دوای یەک پردەکانی پشت سەری خۆی دەرووخێنێت و سەبری کۆمەڵگای نێونەتەوەییش خەریکە کۆتایی پێدێت.
لیبێرمەن سەرۆکی پارتی “ئیسرائیل بیتینۆ”ـیە و تاکوو ٣ ساڵ پێش ئێستاش وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بووە و یەکێک لەو کەسانەیە کە هەمووکات لایەنگری بەرەنگاری بەرانبەر بە ڕێژیمی ئێران بووە بەڵام هاوکات ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕوانینی ئەوان بۆ هاوڕێیەتی نێوان خەڵکی ئیسرائیل و ئێران جیا لە ڕێژیمە وخەڵکی ئێران دۆستی ئیسرائیلن.
لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەواڵێک بڵاوبۆوە کە تێیدا لیبێرمەن ئاماژەی بەوە کردبوو: بووجەیەک بە بڕە پارەی یەک و نیو میلیارد دۆلار بۆ هێرشی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ سەر بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران تەرخانکراوە و تەنیا بە تەمای کاتی گونجاو بۆ هێرش کردنە سەر ڕێژیمی ئێرانین.
ئەو بەشە لە وتەکانی لیبێرمەن کاردانەوەیەکی زۆری لە میدیا فەرمییەکانی دنیادا بوو کاتێک وتی: لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆسەر بەرنامەی ناوکیی ئێران مەپرسن بەڵکوو پرسیارەکەتان دەبێ ئەوە بێت کەی ئەو هێرشە دەکرێ.