لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دوو هاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی بۆکان و پیرانشار لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.
شەوی پێنج شەممە ٢٩ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار هاووڵاتییەکیان بە ناوی سەلاح عەلیزاده تەمەن ٣٥ ساڵ دەسبەسەر کردووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هێزانە بەبێ پیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری، شەوانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە کوردە و دەسبەسەریان کردووە و دواتریش ماڵەکەیان پشکنیوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە سەر هۆکاری دەسبەسەر کرانی سەلاح عەلیزاده، ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ ناوبراو و شوێنی ڕاگیرانی لەبەر دەستدا نییە.
لەلایەکی دیکەوە، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان بە ناوی دیاکۆ لوتفی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەسبەسەر کراوە.
سەرەڕای تێپەڕینی چەند ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی دیاکۆ لوتفی، هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی لەو پەیوەندییەدا بێ ئاکام ماوەتەوە.