برایم یونسی لە ڕۆمانی (هەتا سبەینێ ماڵاوا)دا بە کامێرای وشە، فیلمێکی لەو ساتەوەختە هەڵگرتووە، کە خوشکی شەهید سولەیمان موعینی دەگاتە سەر تەرمی پیرۆزی کاکە سولەیمانی*…
غەڵەباییەك كەوتووەتە نێو خەڵكەكە. هێندێ بە دەنگی بەرز دەگرین. هەوێنی سەرەكیی ئەو مۆسیقایە، ناڵە و لوورەیەكە، كە جاروبار لە نێو دەقەكە دەگەڕێ و هەستی خەڵكەكە بەرەو بابەتی دەقەكە ڕادەكێشێ. بەو حاڵەشەوە بێدەنگییەكە بەژانە. گەنجێك لە نێو حەشامەتەكەوە بە دەنگێكی ڕەوان و ڕاوێژێكی فەرماندەرانە دەڵێ: “مەگرین.” ئەفسەرەكە ئاوڕ دەداتەوە، ڕوو لە ژاندارمەكان دەكا و فەرمانێك دەدا. ژاندارم دەستەوتفەنگ دەبن.
گریان لە سینگ و كوڵ لە قوڕگەكاندا قەتیس ماوە. گوێچكەم دەزرینگێتەوە. دادە بەهار هێدی هێدی هاتووە و لەبەر تەرمەكە ئەژنۆی داداوە. دادێتەوە و لاقی برا ماچ دەكا. ئەوجار سەر بەرەو ئاسمانێ هەڵدەبڕێ و دەڵێ: “باوەڕم پێت نییە، ئیمانم بە تۆش نییە. ئەوەش بوو بە دادپەروەری؟ ئیمانم بە تۆش نییە. دادپەروەری دەبێ بەو دەستانە، بەو دەستانەی خۆمان وەدی بێنین. هەر بەو لاوانە، بەو خەڵكە.”
حەشامەت سەرتاپا بێدەنگییە. ئەفسەرەكە تێی دەخوڕێ. بەڵام ئەو لە بەكرێگیراوی سووكی ڕێژیمێك كە بۆخۆی سووكایەتیی پێ دەكا، ناترسێ. “هەر بەو خەڵكە” و دەستە مستكردووەكەی ڕادەوەشێنێ “هەر بەو خەڵكە”….
ئااای، كوڕە خۆ ئەوە هەر ئەو منداڵەیە كە هێشتا لەدایك نەببوو، شەڕی لەسەر بوو. حاجی دەیگوت ئەگەر خوا كردی و كچ بوو ناوی بنێ بەهار. بەڵام دایە گوڵەندام بەهیچ شێوەیەك ملی نەدەدا. كوڕی دەویست. چ بكا. ئەزموونی تاڵی هەبوو. كچ لەو ساتەوە كە لەدایك دەبێ، بەسەر ڕوخساری خەمینی باب و كەسوكاریدا دەكەوێ، باب ناشادە، ئاخر ژنەكەی كچی بووە، خەسوو ناڕەحەتە، ئاخر بووكەكەی كچی بووە و وەجاغی كوێر بووەتەوە، خوشك ناشادە، چونكە “پشت”ـی نییە. كچ! چیی دیكە! ئەوە تەواوی ئەو تاڵی و ناخۆشییەیە كە لە ناخییەوە كەلاو دەبێ و هەڵدەڕژێتە دەرێ. هیچ شوێنێكی هەژار، كچی بەدڵ نییە. كوڕی دەوێ كە لە حەوت ساڵییەوە وەشوێن گاڕان و مێگەل بكەوێ. یان هەر نەبێ جارێك بچێ. ئاخر هەر شتێك بێ نێرینەیە. هەر كاتێكیش هاتەوە، هەر نێرینەیە. قسەی بەدووەوە نییە، كە هەر ڕێبوارێك بە تەمای میوەیەكی بەلاش بەردێكی تێ بگرێ، بنەماڵەكەی پێی سەرنەوی بن. كوڕی دەویست، بۆوەی ناوی بنێ ئازاد. یانی زۆر لەمێژ بوو وای دانابوو. لەو كاتەوە كە منداڵەكە لە هەناویدا دەستی كرد بە لینگەفرتێ، ناوی نا ئازاد. زۆربەی كات لەسەر قاوەڵتی وەك تازەبووكێكی نۆبەرەی بێ، بە حاجیی دەگوت: “بابی سولەیمان، ئەمشەو ئازاد تا بەیانی نەیهێشت چاو لێك بنێم. هەر شەق هاویشتن و لینگەفرتێ. ماشەڵڵا لە ئێستاوە ئاگرپارەیەكە. موو لێ نادا، ڕێك دەڵێی سولەیمانە. عەوڵاش هەر وا بوو.”
حاجی بزەیەكی تاڵی دێتێ و چەناگەی دەخورێنێ ـ وەك بزر بووبێ ـ لە ڕاستیدا كەلێن و قوژبنی مێشكی دەخورێنێ. دادە بەهار لەدایك بوو. قەول وابوو بەهاری ماڵێ بێ، بەڵام چما زستان دەرفەتی گەشە و پشكووتنی دەدا؟
دادە بەهار دووبارەی دەكاتەوە: “هەر بەو خەڵكە…” كتوپڕ دیواری بێدەنگی هەرەس دێنێ. لە نێو حەشامەتەكەوە یەكێك دروشم دەدا: “مەرگ و نەمان بۆ دیكتاتۆری، مەرگ بۆ شای جەللاد.” و حەشامەتەكە تەقریبەن یەكدەنگ دەڵێ: “مەرگ و نەمان”. ئەفسەر فەرمانی تەقە دەدا…
برادەرەكەم پێداگرە بۆ فراوین بچینەوە ماڵی ئەوان، بەڵام كێ تاقەتی نانخواردنی هەیە. دەڵێ: “نانەكەمان دەخۆین و دواییش ئەگەر ڕازی بی، دەچینە پرسە. بۆ ماڵی مامە حاجی.” بەڵام من تازە لە زیندانێ بەربووم، دەزانم ئەوەی لەوێن یەكدەست نین و هیچ دووری مەبینە ڕێژیم پێی وابێ بۆ پیلانێك هاتوومە مەهاباد. هەرچۆنێك بێ برادەرەكەم تێ دەگەیەنم. ناحەقم ناگرێ. وەختێك دەزانێ لە زیندانیش بووم، ئیدی هەر بەجێم ناهێڵێ. وەك ساڵانێك بێ پێكەوە بووبێین. باسی زیندانی بۆ دەگێڕمەوە و باسی كاك عەزیزی یوسفی (كاك عەزیز) و ئازایەتی و خۆڕاگرییەكەی… گەیشتووینەتە میوانخانە. دادەنیشین. پیاڵەیەك چا دەخۆینەوە و هێندێ شت. هەر ئەوەندەی بە زگی بەتاڵ سواری ماشێن نەبم. زۆرم حەز لێبوو حاجی موعینیم لە نزیكەوە دیتبایە، باوكیم لە نزیكەوە دیتبوو. بەڵام بەو دۆخەی هاتبووە پێشێ، دەمەوێ هەرچۆنێكی بووە ئەمشەو لەو شارە بچمە دەرێ. دەزانم ئێستایە كە بگرە و بەردە دەست پێ بكا، لەوانەیە دەستیشی پێ كردبێ. ڕێژیم لەو چاوقایمییەی خەڵك خۆش نابێ، ناشتوانێ خۆش بێ. ئینجا دڵیشم بەرایی نادا بەو نمایشەی ئەمڕۆ لە نێو شاری دیم ئیدی شەوێ بمێنمەوە. لەگەڵم برادەرەكەم دەچینە گەراج. دەڵێم بە ماشێنی بارهەڵگریش بێ دەڕۆم. دەمەدەمی ئێوارەیە قاسمەڕەش پەیدا بێ. دەڵێ پێشەوەی ماشێنێكی بۆ ڕاگرتووم. دەچینە گەراج، بەگەرموگوڕی ماڵاوایی لە برادەرەكەم دەكەم و بەتایبەتی داوای لێ دەكەم لەلایەن منەوە، لەلایەن هاووڵاتییەكی نەناسراوەوە سەرەخۆشی لە مامە حاجی بكا.
***
* بەشێک لە ڕۆمانی ” تا فردا خدا نگهدار” لە نووسینی برایم یونسی کە بە ناوی “برایمۆک” چاپ بووە و ڕەسووڵ سوڵتانی کردوویە بە کوردی. ئەم بەرهەمە هێشتا چاپ نەبووە.