مینە، دەروێش بوو، بەڵام دەروێشێکی تەواو جیاواز لە هاوڕێکانی، خۆشەویستی جەنابی شێخ بوو و نووری چاوی. لە دانیشتنەکانی جەنابی شێخ لەگەڵ موریدەکانیدا، مینە هەمیشە لە سەرەوەی مەجلیس و لە پەنای شێخ دادەنیشت، یان کاتێک شێخ دەچوو بۆ دیتنی موریدەکانی، مینە هەمیشە لە دەستی ڕاستی جەنابی شێخ دەڕۆیشت و زۆر جار شێخ حاجەتی موریدەکانی حەواڵەی مینە دەکرد و دەیگوت بە مینەی بڵێن. لە بەزمی دەروێشەکاندا مینە دەوری تایبەتیی هەبوو، بۆ هێندێک کاری تایبەت تەنیا مینە ڕیگەپێدراو بوو، بۆ وێنە دەروێشەکانی دیکە تەنیا ئیزنی لامپخواردنیان هەبوو، بە ڵام مینە هەم تیغی دەخوارد و هەم ئیزنی شمشێر لەخۆدانی هەبوو. زۆرێک لە دەروێشەکان ئاواتەخواز بوون لەلای جەنابی شێخ پێگەی مینەیان هەبێ. هەموو لەسەر ئەو باوەڕه بوون کە دوای شێخ، مینە دەبێتە جێگرەوەی. کەس نەیدەزانی مینە چۆن بەو پێگەیە گەیشتووە، لای جەنابی شێخ دەروێشی زۆر قەدیمیتر هەبوون. هەڵبەت با ئەوەش بڵێین مینەش تەواو بەپێی ئامۆژگارییەکانی شێخ کاری دەکرد و لە قسەکانی ئەو بە موو لای نەدەدا. مینە هەرچەند زۆر گوێ لە زاری جەنابی شێخ بوو. بەڵام عادەتێکی خراپی هەبوو و جاروبار لە خۆی دەردەچوو. هەر ئەوەش بوو بە هۆی دووربوونەوەی لە شێخ. تا ئەو جێگایەی کە لە نیزیکی شێخ دوور خرایەوە و تەنانەت شەڕەفی دەروێشبوونیشی لێ وەرگیرایەوە. ئێستاش کەس نەیزانی بۆچی مینە وا بەیەکجاری لە بەرچاوی شێخ کەوت. هەر کەس شتێکی دەگوت. هێندێک کەس دەیانگوت مینە دزیی لە شێخ کردووە، خەڵکانێک دەیانگوت بە چاوی خۆیان مینەیان دیوە خەریکی کاری خراپ بووە و بەشێک دەیانگێڕایەوە کە مینە دوور لە چاوی شێخ و بێ ئیزنی ئەو نووشتووی بۆ خەڵک نووسیوە و ئەوەش بە گوێی جەنابی شێخ گەیشتۆتەوە. هەرچی بوو مینە بوو بە مەغزووبی جەنابی شێخ و دەرکرا. هەڵبەت مینە بۆ خۆی لە سەر ئە باوەڕە بوو کە ئەوانە هەموو درۆن و دستکردی خودی جەنابی شێخن، لەبەر ئەوەی دەزانێ خەڵک مینەیان زۆر خۆش دەوێ و دەترسێ پێگەی خۆی لەنێو دەروێش و موریدەکان لەدەست بدا. مینە دەیگوت ئەوەی خەساری بینیوە شێخ بووە نەک ئەو و درەنگ یان زوو شێخ پەشیمان دەبێتەوە و داوای لێبوردنی لێ دەکا… .
***
ساڵان تێپەڕ بوون و هیچ ڕووی نەدا، بەڵام مینە زۆر پێداگرتر لە ڕابردوو لەسەر ئەو باوەڕە مایەوە کە لە کۆتاییدا شێخ هیچ چارەیەکی نامێنێ، بێجگە لەوەی داوای لێبوردنی لێ بکا و ڕۆژ بە ڕۆژیش زیاتر لە کردەوەی خۆی پەشیمان دەبێتەوە… ڕۆژێک تەواو بەهەڵکەوت مینە لە بەزمی دەروێشەکانی شێخ بەشدار بوو، زۆر بە نابەدڵی خۆی ڕاگرت تا مەجلیس بەجێ نەهێڵێ، جاروبار بە دزی چاوێکی لە شێخ دەکرد بزانێ لەوی دەڕوانێ یان نا…
بەزمەکە وردە وردە گەرم بوو و دەروێش کەوتنە دەفلێدان و جەزم بوون، مینەش کەم کەم گەرم داهات، هەرچی خۆی ڕاگرت نەیتوانی، توانای دانیشتنی نەبوو، جاروبار سەرێکی ڕادەوەشاند. ئەوانەی هەر پێ دەروێش نەبوون و پێی تاقمێک منداڵی تازە پێگەییشتوو بوون. زۆر بەخێرایی خۆی گەیاندە ناوەندی کۆڕەکە و دەستی کرد بە زیکر و جەزم بوون، باش کە گەرم بوو دەستی برد بۆ گڵۆپی ژورەکە و لێی کردەوە تا بە یادی دەورانی کۆن بیخاتە نێو زاری و بیخوا. یەک لەوانەی کە لە دەرەوەی کۆڕەکە خەریکی دەفلێدان و زیکرکردن بوو، هاوڕێی کۆنی مینە بوو. ئەو دەیزانی کە مینە دەروێشی شێخ نەماوە و دیارە ناشتوانێ ئەو کارە بکا، تێ مابوو چ بکا، نە دەیتوانی دەف بەجێ بێڵێ و زیکر نەکا بۆ ئەوەی بچێ مینەی ئاگادار بکاتەوە، چونکە دەبوو بە هۆی پچڕانی بەزمەکە و تووڕەیی شێخ و جەماعەت. لە لایەکی دیکەش نەیدەتوانی بێخەیاڵی هاوڕێی دێڕینی بێ. خۆی نە دۆڕاند و زۆر ژیرانە وێڕای درێژەدان بە دەفلێدان هەر لەسەر ڕیتمی خۆی هەوڵی دا مینە لە ئاکامی کارەکەی ئاگادار کاتەوە. بۆیە دەستی کرد بە گوتنی ئەم بەندە کە: “مینە نەیکەی، مینە نەی خۆی، مینە دەمری”.
کاتێک مەحموود ئەحمەدینژاد لە هەڵبژاردنەکانی! سەرۆککۆماریی ساڵی 1384 وەک براوەی ئاکامی هەڵبژاردن ڕاگەیەندرا، زۆرینەی پسپۆڕ و شارەزایانی سیاسیی سەرسام کرد کە چۆن ڕێبەری ڕێژێمی ئێران حازرە هاشمیی ڕەفسەنجانیی هاوڕێی پەنجا ساڵەی خۆی کە هەر بە ڕیوایەتی تەواو ناڕاستی ئەو بوو بە ڕێبەر، وا بەئاسانی هەڕاج و چرووک بکا و جێگەی ئەو بدا بە کەسێک کە هیچ پێگەیەکی لە سیاسەتی ڕێژیمدا نییە، تەنانەت بەشێکی زۆر لە خەڵک هەر ناشیناسن. بەڵام زۆر زوو ئاشکرا بوو کە مەحموود هەر بە قولاپی خودی ڕێبەری ڕێژێم و هەر بۆ ئەم مەبەستەش گیراوە.
لێکدانەوەی ڕووداوەکانی ساڵانی دواتر خامنەیی گەیاندە ئەو قەناعەتە کە بەڕاستی ڕاوەکەی زۆر باش و بێ عەیب بووە. ئاغا تاریفی مەحموودی دەکرد و مەحموود باسی گەورەیی ئاغای دەکرد. مەحموود هەمیشە لای ئاغا بوو، گوێ لەمست و بێدەنگ بوو. لە ڕاستیدا مەحموود زۆرتر ئیشی ئاغای دەکرد و بێ ڕێنمایییەکانی وی نەدەچووە پێش. قسەی مەحموود قسەی ئاغا بوو. ئەو پێوەندییە زۆر بەباشی دەچووە پێش تا ئەوکاتەی مەحموود هەستی کرد بە ڕادەی پێویست گەورە بووە و دەتوانێ داوای شتی گەورەتر بکا. ئەوە سەرەتای بەدبەختییەکانی مەحموود بوو. زۆر زوو مەحموود لە بەرچاوی ئاغای کەوت و بۆوە بە مەحموودی جاران. هەرچەندە مەحموود ئێستاش لەسەر ئەو باوەڕەیە کە تەنیا ئەڵتەرناتیڤ بۆ مانەوەی کۆماری ئیسلامییە و درەنگ یان زوو ئاغا پەشیمان دەبێتەوە و داوای لێبوردنی لێ دەکا. تەنانەت لە هەڵبژاردنەکانی! ئەم ساڵی سەرۆککۆمارییش دوای ئەوەی لەلایەن شۆرای نیگابانەوە ناوی لەنێو پاڵێوراوانی کۆتایی ڕانەگەیاندرا، مەحموود تا ڕۆژی هەڵبژاردن هیوادار بوو ئاغا کارێکی بۆ بکا، بەڵام دیسان هیچ ڕووی نەدا.
پەلەقاژەکانی جاروبارەی ئەم ساڵانەی مەحموود، دوای ئەوەی لە جومگەی یارانی ئاغا دوور خرایەوە، بۆ مانەوە لەنێو دەسەڵاتدا هەر درێژەی هەبوو. لە کاتێکدا لێکدانەوەی ڕووداوەکانی ئەم چەند ساڵە نیشانیدا مەحموود بۆ کۆماری ئیسلامی مۆرەیەکی تەواو سووتاوه و لە لایەکیتر باسکردن و کەڵکوەرگرتنی لە تاقمێک وشەی تەواو ناڕێک لەگەڵ ئەدەبیاتی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامی وەک بەرابەری و یەکسانی، ئازادیی دەربڕینی بیروڕا و… بۆ وەدەستهێنانی دڵی خەڵک، لە کاتێکدا کە خەڵک چیتر گوێبیسی قسەی کەسێک لەنێو دەستەڵاتدا نین، ئاکامێکی زۆرباشی بۆ مەحموود لێ نەکەوتەوە.
هەرچەندە مەحموود بەپێی عادەت هەمیشە جۆرێک قسە دەکا کە هیچ کەس تێناگا باسی چی دەکا، بەڵام هێندێک جار لە خۆی دەردەچێ و باسی بڤەکان دەکا کە ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی ڕەنگە خۆی تووشی مەترسی بکا. لەم ڕۆژانەشدا هەواڵ گەیشت کە مەحموود مێز و کورسییەکی لەبەر دەرکی ماڵەکەی داناوە و خەریکی وەرگرتنی سکاڵای خەڵک و لەقسان بەدواچوون بۆ کێشەکانیانە. جا هێشتا ڕوون نییە کە ئەمە دووکان و بازارە دایناوە، یان دیسان دەیەوێ بۆ جەزم بوون وردە وردە خۆی گەرم کا و بێتەوە نێو کۆڕی کۆنەیارانەوە.
بە دڵنیاییەوە بۆ کەسێک کە هاوڕێی پەنجا ساڵەی خۆی وا سادە و ساکار لە کاتی مەلەکردندا بێدەنگ کرد، بێدەنگکردنی مەحموود زۆر دژوار نییە. بەڵام تۆ بڵێی کەس هەبێ مەحموود ئاگادار کاتەوە و پێی بڵێ “مەحموود نەیکەی، مەحموود نەیڵێی، مەحموود دەمری”… .