کەسایەتییەکی خۆشناوی خەڵکی شاری سنە بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان “شێخ ئەمجەد مەزهەرپوور”، کەسایەتیی ئایینی و نیشتمانپەروەری خەڵکی شاری سنە، لە بنەماڵەی گەورەی قوتبولعارفینی شێخ عوسمان سیراجەددینی نەقشبەندی لە تەمەنی ٧٧ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
شێخ ئەمجەد هەم وەک کەسایەتییەکی ئایینی و هاوکات وەکوو هاونیشتمانییەکی دڵسۆزی خەڵکی شاری سنە لەنێو دڵی خەڵکدا ناسراو بوو. شایانی باسە کە بنەماڵەی مەزهەرپوور لە هیچ خزمەتێک بۆ گەشەی کولتووری و کۆمەڵایەتی لە ناوچەی سنەدا درێغیان نەکردووە و بەردەوام جێگای متمانەی کۆمەڵانی خەڵک لەو ناوچەیە بوونە.
بەبۆنەی کۆچی دوایی شێخ ئەمجەد مەزهەرپوورەوە، ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی مەزهەرپوور و شوێنکەوتووانی تەریقەتی نەقشبەندی و سەرجەم خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکا و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.