پەرلەمانی هەرێمی کاتالۆنیای ئیسپانیا وەکوو قەوارەیەکی سیاسی دانی بە بەڕێوەبەریی خۆسەری ڕۆژاوای کوردستاندا ناوە و داوا لە حکومەتی هەرێمەکەیان دەکات کە پێوەندیی لەگەڵیدا هەبێت.
ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، پەرلەمانی کاتالۆنیا بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسایەک بە ناوی “ئاوەدانکردنەوەی ڕۆژاوای کوردستان” کۆبوونەوەیەکی بەڕێوە برد و لەو کۆبوونەوەیەدا بە ٨٠ دەنگی “بەڵێ” لە بەرانبەر ٥٠ دەنگی “نەخێر”دا، پڕۆژە یاساکەی پەسەند کرد.
ئەو پڕۆژە یاسایە کە لەلایەن چوار فراکسیۆنی پەرلەمانی کاتالۆنیا پێشکەش کرابوو، لە بڕگەیەکی دیکەدا بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان ئەو یاسایە پەسەند کرا کە هەرێمی کاتالۆنیا پێوەندیی فەرمی لەگەڵ بەرێوەبەریی خۆسەری ڕۆژاوای کوردستاندا دروست بکات.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمیی پەرلەمانی کاتالۆنیا بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو یاسا نوێیە، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە کۆنفیدراڵیزم چارەسەرێکی ئاشتییانەیە بۆ کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داوا لە کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکڤانانی بواری مافەکانی مرۆڤ دەکات کە وەکوو تۆڕێک پێکەوە کار بکەن بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچەیە و ئەو پەناخوازانەش کە لەو ناوچەیەوە بەرەو ئیسپانیا و هەرێمی کاتالۆنیا دێن، وەربگیردرێن.