بەپێی ئامارەکانی خۆدی ڕێژیم هەژاری لە وڵاتی ئێراندا بە ڕێژەیەکی زۆر زیادی کردووە و یەک لەسەر سێی دانیشتووانی ئێران لەژێر هێڵی سووری هەژاریدا دەژین.
وەزارەتی کار و دابینکردنی کۆمەڵایەتیی ڕێژیمی ئێران ڕاپۆرتێکی لەسەر هەژاریی لە ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی، لە وڵاتی ئێراندا بڵاو کردۆتەوە و لە ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە زیادکردنی ڕێژەیەکی زۆر هەژاری لەو وڵاتەدا کردووە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ڕێژەی هەژاریی لە وڵاتی ئێران لە ساڵی ١٣٩٩ی هەتاویدا لە سەتا ٣٨ زیادی کردووە، کە بەو پێیە زیاتر لە ٢٦ میلیۆن لە حەشیمەتی وڵاتی ئێران لەژیر هێڵی سووری هەژاریدا دەژین.
هەروەها لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە بەهۆی ئاڵوگۆڕ لە ئابووریی بەربڵاو و گشتگیری ناوخۆی ئێران کە لە دە ساڵی ڕابردوودا ڕوویان داوە، ناکرێت چاوەڕوانی ئەو بین کە بارودۆخی ئابووریی ژیانی خەڵکی وڵاتی ئێران بەرەو باشی بڕوات، هەروەها لە ساڵانی ڕابردوودا نرخی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی شتومەک لە بازارەکانی ئێراندا بە ڕێژەیەکی زۆر زیادیکردووە.
جێگای ئاماژەیە کە بە هۆکاری کاریگەریی گەمارۆ نێونەتەوەییەکانی سەر ڕێژیمی ئێران و ناکارامەیی و گەندەڵی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتە و هەروەها پەرەسەندنی پەتای کۆرۆنا و بێبایەخیی پارەی ڕێژیم، کار و ئابووریی وڵات تووشی داڕمان کردووە و ژیانی خەڵکی ئێرانی تووشی قەیران کردووە.