بنکەی سەربازیی ئەلتەنف، شوێنی نیشتەجێبوونی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە سووریە، شەوی ڕابردوو کرایە ئامانجی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران.
بەپێی ڕاپۆرتی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە، شەوی چوارشەممە ٢٨ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی بنکەی سەربازیی ئەلتەنف لە نزیک بنکەی فەرماندەی هێزە هاوپەیمانەکان لە ناوچەکە و لەنزیک سنووری نێوان عێراق و سووریە و ئۆردۆن بۆ یەکەمین جار کرایە ئامانجی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
هەرلەم پێوەندییەدا سەرچاوە زانیارییەکانی عێراق، لەنزیک هێزی هاوپەیمانان لە سووریە جەختیان لەسەر ئەوەکردەوە کە بنکەی سەربازیی ئەلتەنف بە ٥ درۆنی پڕ لە تەقینەوە لە خاکی “سووریە و ئۆردۆن”ەوە کراوەتە ئامانج.
بیل ئۆربان، وتەبێژی بنکەی فەرماندەیی ئەمریکا”سێنتکام” لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاند کە ئەم هێرشە پێشتر لەلایەن دژبەرانی هێزەکانی هاوپەیمان لەسووریە بەرنامە و پلانی بۆ داڕێژراوە.
ناوبراو لەدرێژەدا وتی: هێزەکانی ئەمریکا لەو بنکە سەربازییەدا هیچ خەسارێکی گیانییان وەبەر نەکەوتووە.
جێگەی ئاماژەیە کە بنکەی سەربازیی ئەلتەنف، لە ساڵی ٢٠١٦ی زایینییەوە لەلایەن ئەمریکاوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارە تێرۆریستەکانی داعش دامەزراوە.