نوێنەری ئیسرائیل لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ: ئێران لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤیەن بۆ کاتکوشتن و دەسپێڕاگەیشتنی ئەو رێژیمە بە چەکی ناوکیی کەڵک وەردەگرێ.
هەواڵدەریی “ڕیپابلێک وۆرلد” ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی لە راپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە گیلعاد ئەردان، نوێنەری تایبەتی ئیسرائیل لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی سێشەممە لە دانیشتنی شۆرای ئاسایشی ئەو ڕێکخراوەیە، سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە رێژیمی ئێران لە رێگەی میلیشیاکانیەوە تێرۆریست هەناردەی هەموو وڵاتانی جیهان دەکا، ڕەخنەی توندی لە شۆرای ئاسایشی ئەو رێکخراوەیە گرت وتی: هەڕەشەی مەترسیدار بەدژی ئاسایشی جیهان زۆر بە خێرایی لە پەرەسەندندایە و دەبێ پێشی پێبگیردرێ.
ئەردان لە درێژەدا وتی: کە ڕێژیمی جینایەتکاری ئێران، زۆر بەڕوونی و لە پێش چاوی هەموو جیهانەوە بەڵێنە ناوکییەکانی پێشێل دەکا و زۆر بە خێرایی لە بواری ناوکیدا بەرەو پێش دەچێ و نزیک بوەتەوە لە بەرهەمهێنانی چەکی ناوکیی و زلهێزە جیهانییەکان تا ئێستا هیچ کاردانەوەێکیان بۆ پێشگرتن لەو رێژیمە نەبووە.
ناوبراو لەدرێژەدا رایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران بەردەوامە لە کۆشتن وماڵوێرانی و ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا و دەیهەوێت لەو رێگەیەوە هێژمۆنی شیعە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بسەپێنێ و لە رێگەی میلیشیا شیعەکانەوە تێرۆریست بۆ هەموو جیهان هەناردە بکا.
لە لایەکی دیکەوە واڵستریت ژورناڵ لە ڕاپۆرتێكدا سەبارەت بە بەرنامەی ناوكیی ڕێژیمی ئێران دەڵێ: لە كاتێكدا كە ڕێژیم ڕۆژبەڕۆژ خەریكە لە بەدەستهێنانی چەكی ناوكیی نزیكتر دەبێتەوە بە بڕوای ئەمریکا جێی هیوایە كە تاكوو ئێستا ڕێژیمی ئێران بۆمبێكی نەتەقاندووەتەوە.
ڕێژیمی ئێران رێژیمێك ئیدئۆلۆژیكە و بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەموو جار دەست دەداتە پیلان داڕشتن و كاری ناشایست و دەبێ ئەو ڕاستییە بزانرێ كە خامنەیی وهاوبیرانی بە میلیارد دۆلاریان بە بۆنەی گەمارۆكان لە دەست نەداوە كە تەنیا لە درووستبوونی چەكی ناوكیی نزیك ببنەوە و بەدڵنیاییەوە كاتێك بۆمبی ناوکییان درووست كرد فێڵێکی شەرعیی دیكەی بۆ دەبیننەوە.
ئەو هەواڵدەرییە لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێ: دەوڵەتی بایدێن زۆر ترسنۆكتر لەوەیە كە بتوانێ پێش بەو کارەساتە بگرێ، دەرچوونی ئەمریکا لە ئەفغانستان ئەو دەرفەتەی بە ڕێژیمی ئێران داوە كە لە ناوچەكەدا دەستی ئاوەڵاتر بێت، ڕاستیەكەی ئەوەیە دەبێ کۆمەڵگەی سیاسیی جیهان دەس لە خەون و خەیاڵی پێبەند بوونی ڕێژیمی ئێران بە یاسا و ڕێسا نێونەتەوەییەکانەوە هەڵگرن ئەگینا بارودۆخەكە بە قازانجی ڕێژیمی ئێران دەشکێتەوە.