یاریزانێکی تیمی میللی لاوانی واڵیباڵی ئەفغانستان بە ناوی “ماهجەبین حەکیمی”، لەشاری “کابول”ـی پێتەختی ئەفغانستان بە هۆکارێکی نادیار کوژرا.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی “ئیندیپێندێنتی فارسی”، “ماهجەبین حەکیمی” یاریزانی تیمی میللی لاوانی ئەفغانستان لە شاری کابولی پێتەختی ئەفغانستان بە هۆکارێکی نادیار کوژرا.
“سورەیا ئەفزەڵی” یەکێک لە ڕاهێنەرانی تیمی میللی واڵیباڵی ئەفغانستان ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردەووەتەوە بەڵام دەڵێ؛ بێجگە لە بنەماڵەی ماهجەبین حەکیمی هیچکەس زانیاری لەسەر کاتی ڕوودان و چۆنیەتی کوژرانی ناوبراوی لە بەردەستدا نییە.
هەروەها سورەیا ئەفزەڵی لە درێژەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕەنگە ئەم ڕووداوە لە مانگی ئۆکتۆبردا ڕووی دابێ، بەڵام بەهۆی هەڕەشە لە بنەماڵەی ماهجەبین، کەس لەم ڕووداوە ئاگادار نەکراوەتەوە.
شایانی باسە کە دوای هاتنەسەرکاری تاڵیبان لە ئەفغانستان، کچانی وەرزشوان مەترسیی گیانی زۆریان لەسەرە و تاڵیبان بە دوایاندا دەگەڕێت و زەختی خستووەتە سەر بنەماڵەی هێندێک لەو وەرزشوانانە، بەتایبەت ئەوانەی کە بەشدارییان لە یاریە نێونەتەوەییەکان لە وڵاتانی دەرەوە کردووە و لە نێو میدیاکاندا دەرکەوتوون.