ئەندامێکی دڵسۆز و دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوی ” مراد بەهرامی” خەڵکی گوندی “گردەبن” لە ناوچەی پیرانشار، بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، مراد بەهرامی ناوسراو بە “مراد مازان” ئەندامێکی دێرین و دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە گوندی گردەبن سەربە ناوچەی پیرانشار بەهۆی نەخۆشییەوە بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد و دڵی پڕ لە هیوای ئازادی کوردستان لە لێدان کەوت.
کاک مراد ئەندامێکی دڵسۆز و چالاک بوو و لە ناوچەی پیرانشار هەڵسووڕ و ئەرک وەخۆگر و حیزب خۆشەویست بوو، ناوبراو لە رۆژە سەختەکانی خەباتی چەکداری پشتیوان و هاندەرێکی دڵسۆز بووە بۆ هێزی پیشمەرگە لەو ناوچەیە و لە هەموو بوارێکدا هاوشانی پیشمەرگە لە سەنگەری بەرگری لە نیشتماندا بووە و تا ئەو کاتەی کە هێزی پێشمەرگە لە ناوچەدا بووە، ناوبراو جێ پەنجەی لە هاوکاریکردنی پێشمەرگەدا دیار و بەرچاو بووە و نەیهێشتووە لەو ناوچەیە پێوەندی خەڵک و حیزبی کەم بێتەوە.
لەلایەن ناوندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی مراد بەهرامی و هەموو خەڵکی ناوچەی پیرانشار دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.