ئەمریکا لە ئێستادا خەریکی گۆڕانکاری و پێداچوونەوە بەسەر سیاسەتی گەمارۆکانە و لەوە بەدواوە دراوی دیجیتاڵی بیتکۆین وەکوو ئامرازێک بۆ دەورلێدانەوەی گەمارۆکان چاو لێدەکات.
بەپێی ڕاپۆرتی تەلەویزیۆنی “دۆیچێوێلێ”ـی ئاڵمان، دەوڵەتی “جۆ بایدێن”، سەرۆککۆماری ئەمریکا دەیەوێ لە داهاتوویەکی نزیکدا لە ئامرازی گەمارۆ بەشێوەیەکی ڕێکوپێکتر و ئامانجدار کەڵک وەربگرێ و لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی پێشووی ترامپ دوور بکەوێتەوە.
پاش چاولێکردنەوە لە ئاکامی گەمارۆکان، وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی ڕەزبەر، نەخشەڕێگایەکی نوێی لەم بابەتەدا دەرکرد.
ئەم وەزارەتخانە ڕایگەیاند: کە بەپێی ئەو نەخشەڕێگا نوێیە، گەمارۆکان دەبێ زۆرتر لە جاران وەک ئامرازێکی کاریگەر چاو لێبکرێت وگوشاری ڕاستەوخۆ لەسەر ئێران و چین بمێنێتەوە؛ بەڵام ئەمریکا دەبێ زۆرتر لە ڕابردوو لە بەرانبەر دراوە دیجیتاڵییەکانی وەکوو بیتکۆین کە دەتوانێ وەکوو ئامرازی پووچەڵکەرەوەی گەمارۆکان کەڵکی لێوەربگیردرێ، کاردانەوەی هەبێ.
نوێنەرێکی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئامرازگەلێک وەک بیتکۆین دەتوانن هەلێک بۆ ئەو وڵاتانە بڕەخسێنن کە گەمارۆیان خراوەتە سەر و بە کەڵکوەرگرتن لەوانە گەمارۆکان دەور لێبدەنەوە.