ئیدارەی بەسیجی سەردەشتو رەبەت کۆبوونەوەکیان بۆ ئەندامەکانی بەسیج لەو ناوچەیە پێک هێنا.
لەو کۆبوونەویەدا کە لە حوسێنییەی ئیڕشادی شاری سەردەشت گیرا، ئەندامەکانی بەسیج لە شاری سەردەشتو ڕەبەتو هەموو گوندەکانی ئەو دوو شارەیان لەو شوێنە کۆکردبوونەوەو لەسەر ئاکامی هەڵبژاردنەکانی موجلیسو ئەرکەکانی داهاتوویان قسەیان بۆ کردن.
بەپێی راپۆرتی پەیامنێری کوردستانو کورد لەو کۆبوونەویەدا مەلا محەممەد شەریعەتیو مەلا باوەڵووجە قسەیان کردوەو ئەندامەکانی بەسیج لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە بۆ خۆشخزمەتیی زیاتریان بە دامودەزگا ئەمنیەتیو هەواڵگرییەکان هان دران.
لەو کۆبوونەویەدا کۆمەڵێک لە ئەندامانی بەسیج گلەیی ئەوەیان لە بەرپرسانی سپاو بەسیج کردوە کە وەک پێویست ئاوڕیان لێ نادرێتەوەو ئەوان لە کاتێکدا لە نێو خەڵکدا بە جاش ناودەبرێنو رێزیان نیە، کەچی لەلایەن بەرپرسانی شارو سپاو بەسیجیشەوە بە سووکی سەیریان دەکرێ.