بەرپرسی ڕێکخراوی دژەگەلیی بەسیج، باسی لە چوونی ئەو ڕێکخراوەیە بۆ نێو بازاڕی بیناسازی و یەکەی نیشتەجێبوون کرد و وتی؛ بەپێی ڕێککەوتننامەیەکە کە لەگەڵ وەزارەتی ڕێگە و شارسازی واژۆ کراوە، بەسیج ساڵانە ١٠٠هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دروست دەکا.
غوڵامڕەزا سولەیمانی، بەرپرسی ڕێکخراوی دژەگەلیی “بەسیج”، لە لێدوانێکدا بۆ هەواڵنێران وتی: ڕێکخراوی بەسیج بەتەواوی چووتە ناو بازاڕی بیناسازی و یەکەی نیشتەجێبوون بەمەبەستی بەشداریکردن لە پڕۆژەی دروستکردنی یەک میلیۆن خانوو لە ساڵێکدا، بەڵام لە بارەی ڕێککەوتنی بوودجەوە لەگەڵ دەوڵەت هیچ زانیارییەکی نەدرکاند.
ڕۆستەم قاسمی، وەزیری ڕێگا و شارسازی، کە پیشتر فەرماندەی قەرارگای “خاتەمەلئەنبیا”ـی سپای تێرۆریستی پاسداران بوو، لە ماوەی یەک حەوتووی ڕابردوودا بەڵێنی دروستکردنی ٤ میلیۆن یەکەی نیشتەجێبوونی لە ماوەی ٤ساڵی داهاتوودا داوە و بەشێکی ئەو پڕۆژەی ڕادەستی ڕێکخراوی دژەگەلیی بەسیج کردووە.
شایانی باسە کە کارناسانی ئابووری ئەو جۆرە دەستێوەردانانەی سپای پاسداران و بەسیج لە کەرتی بیناسازی بە پیلانێک بۆ بەفیڕۆدان و دزینی سەروەت و سامانی وڵات دادەنێن.