بەرپرسی گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی، لەگەڵ سێناتۆرە ئەمریکاییەکان چاوپێکەوتنی کرد و لە چاوپێکەوتنەدا داوا کراوە کە هەنگاوگەلێکی بنەڕەتی بۆ پێشگرتن بە ڕێژیمی ئێران بگیرێتەبەر.
ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، ڕافائێل گڕووسی بەرپرسی گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی، لەگەڵ “باب مێندێز” سەرۆکی کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی سێنای ئەمریکا و ئەندامانی ئەو کۆمیتەیە لە واشینگتۆن، کۆبوونەوە و لەو کۆبوونەوەیەدا باسیان لە پێشێلکارییەکانی ڕێژیمی ئێران بە نیسبەت بەرنامەی ناوکیی کرد و جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە، پێویستە هەنگاوی جیددیتر بۆ پێشگرتنی ئەو ڕێژیمە بگیردرێتە بەر، تاکوو دەستی بە چەکی ناوکیی ڕانەگا.
هەر لەە چاوپێکەوتنەدا سێناتۆرێکی کۆماریخواز داوای ئەوەی کرد کە، دەبێ هەنگاوگەلێکی بنەڕەتی و جیددی بە نیسبەت ڕێژیمی ئێران بگیردرێتە بەر پیش ئەوەی دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا، لەبەر ئەوەی ڕێژیمی ئێران پێبەندنی هیچ یاسایەک نابێ.
هەروەها گرووسی لە تویتێری خۆی سپاسی باب مێندێز و هەموو ئەندامانی کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی سێنای ئەمریکای کرد کە پشتیوانی خۆیان بۆ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی دەربڕیوە.