ڕۆژنامەی “موستەقێل” چاپکراوی تاران لە بابەتێکدا هۆشداری بە بەرپرسانی ڕێژیم داوە کە دەبێ ئاگاداری مەترسی سەرهەڵدانی شۆڕشی لاوان و بێکاران لە وڵاتدا بن.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کە بچووکبوونەوەی ئابووری ئێران و بەدوای ئەوەدا بێکاری و هەڵاوسان، بچووکبوونەوەی سفرەی خەڵک و خاڵی بوونی گیرفانەکانیانی بەدواوە بووە کە ئەمە دەبێ بە مەترسییەکی ڕاستەقینە بۆ بەرپرسانی ڕێژیم.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا بە ئاماژە بە ڕووداوەکانی ساڵی ٩٨ نووسراوە کە: تەنانەت ڕووداوە تاڵەکانی خەزەڵوەری ٩٨یش نەبووە بە هۆکارێک تاکوو ڕا و سیاسەتی بەرپرسانی ڕێژیم سەبارەت بەم پرسە بگۆڕدرێ، بەڵام سەبر و دانبەخۆداگرتنی خەڵک ڕادەیەکی هەیە و ئەگەر لەوە تێپەرێت، چیتر خەڵک هۆکارێکی بۆ بێدەنگی نامێنێ و پیشاندانی دژکردەوە بەرانبەر بە ڕێژیم دەبێتە مژارێکی ئاسایی و ڕەوا. بچووکبوونەوەی سفرەی خەڵک و نەمانی گۆشتی مریشک و گۆشتی سوور و زۆرێک لە خواردەمەنییەکانی دیکە لەسەر سفرەی خەڵک زەنگێکی مەترسیدارە کە دەرکەوتەکانی لە داهاتوودا خۆی نیشان دەدا.
لە کۆتایی ئەم ڕاپۆرتەدا داوا کراوە تاکوو خەڵک نەگەیشتوون بە قۆناغێکی بێگەڕانەوە، کاربەدەستانی ڕێژیم ئاورێک لەو دۆخە نالەبارە بدەنەوە و ڕێگاچارەیەکی گونجاو ببینێتەوە.