دامەزراوەی بەرگری لە دێموکراسییەکان لە واشینگتۆنی ئەمریکا، کە ناوەندێکی توێژینەوەیی و لێکۆڵینەوەیی پرسە سیاسییەکانی ئەمریکا بە نیسبەت ڕووداوەکانی جیهانە، لە دوایین نووسراوەی خۆیدا باسی لەوە کردووە کە تورکیە تەنیا بە دیتنی هەڵوێستی توندی ئەمریکا، ئامادەیە ئاگربەست لەگەڵ کوردەکانی سووریە ڕابگەیەنێت.
ناوەندی بەرگری لە دێموکراسییەکانی ئەمریکا لە درێژەدا نووسیوە: بە لە ئارادابوونی مەترسییەکانی ئێستا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیە ئامادەیە درێژە بە دەستتێوەردانەکانی خۆی لە باکووری سووریە بدا. ئەو ناوەندە هەروەها باسی لەوە کردووە کە سەرۆککۆماری تورکیە ئاگربەستی ساڵی ٢٠١٩ کە لەنێوان کوردەکانی سووریە و هێزەکانی تورکیە بەسترابوو، پێشێل کردووە.
لێکۆڵەران و شرۆڤەکارانی ناوەندی بەرگری لە دێموکراسییەکان لەو باوەڕە دان کە ئەگەر گەمارۆکانی دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری پێشووی ئەمریکا لەسەر تورکیە نەبوایە، ئەردۆغان بە ئاسانی دەیتوانی بە شێوەیەکی زەقتر بە دژی کوردەکانی سووریە بجووڵێتەوە. ناوەندی بەرگری لە دێموکراسییەکان لەو پێوەندییەدا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە لە ئێستاشدا دەبێ جۆ بایدێن، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ئاگربەستی نێوان هێزەکانی تورکیە و کوردەکانی سووریە بپارێزێ و بە گەمارۆ خستنە سەر تورکیە، هەڕەشە لە دەسەڵاتی تورکیە بکا تاکوو ئەردۆغان کۆتایی بە کردەوە تێکدەرانەکانی بە نیسبەت کوردەکانی سووریە بهێنێ.