بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکانی نێوخۆی وڵات، هێزە سەرکوتکەرەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران تەلەفۆنیان بۆ زۆربەی بنەماڵەکانی قوربانیی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٩٨ کردووە و هەڕەشەی ئەوەیان لێیان کردووە کە لە ساڵیادی شەهیدبوونی ڕۆڵەکانیان بە هیچ شێوەیەک مافی کۆبوونەوە و لێدوانیان لەگەڵ میدیا و ڕۆژنامەکان نییە.
کۆمەڵێک لە “دایکانی حەقخواز” ئاماژەیان بەوە کردووە کە ساڵی ڕابردووش هەر بەو شێوە پێوەندییان پێوە کراوە و بەڵێننامەی نووسراویان لێسەندراوە کە بە هیچ شێوەیەک مافی قسەکردن و دەنگهەڵبڕانیان نییە.
ناڕەزایەتییە گشتییەکانی ساڵی ٩٨ لە ڕێکەوتی ٢٤ی خەزەڵوەر دوای گرانبوونی نرخی بەنزین لە زۆربەی شارەکانی وڵاتدا دەستی پێکرد کە لە ئاکامدا بەشێوەیەکی دڕندانە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بە کوشتنی هەزاران هاونیشتمانی و برینداربوونی خەڵکێکی زۆر و دەسبەسەرکردنیان کۆتایی پێهێندرا.