“مستەفا کازمی” سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کاردانەوە بەو ئاژاوە و کێشانەی کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران پاش هەڵبژاردنەکانی عێراق و ئەو شكستە قورسەی کە تووشی بوون هاتە پێشەوە، وتی: سیاسەت بۆ هێندێک کەس بە مانای باجگیری و فریودانی خەڵكە.
لە درێژەی قسەکانیدا لە ڕێوڕەسمێک کە بەبۆنەی جێژنی مەولوود لە مزگەوتێکی بەغدا ڕێک خرابوو، کازمی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێمە ئەو بەڵێنەی کە دابوومان، بەجێمان هێنا و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە کارەکانمان بەڕێوە برد و لە ئێستاوە ئەرکی ئەم نوێنەرە نوێیانە دەست پێدەکات و نوێنەرانی پەرلەمان نە تەنیا ئەرکێکی ئەخلاقیان لەسەر ئەستۆیە، بەڵکوو بەڵێنێکیان بە خەڵک داوە وئێستا دەبێ ئەو بەڵێنە ببەنە سەر و بە شێوەی سەربەخۆ و بە دوور لە دەستێوەردانی وڵاتانی دیکە ئەرکەکانیان بەجێبێنن.
لە کۆتایی قسەکانیدا کازمی وتی: دەوڵەتی ئێستا بارودۆخی سەخت و نالەباری ماڵی، ئابووری، تەندروستی و بە تایبەت پەتای کۆرۆنای بە سەرکەوتووی تێپەڕکرد و ئێستا کاتی گەشەکردنی وڵاتەکەمانە.