ماوەیەکی زۆرە کە ئیسرائیل هەڕەشە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکا و بە هیوایەیە کە هێرش بکاتە سەر بنکە و ناوەندە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران.
ڕۆژی دووشەممە ٢٦ـی ڕەزبەر، کاناڵی ١٢ـی ئیسرائیل لە پێوەندی لەگەڵ دوایین هەوڵەکانی ئەرتەشی ئەو وڵاتە سەبارەت بە چالاکییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا باس لە تەرخانکردنی بوودجەیەکی بەهێزی سەربازی، بۆ هێرشکردنە سەر ناوەندە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران دەکا.
ئەو بووودجەیە کە ئیسرائیل بۆ ئەو هێرشە تەرخانی کردووە، زیاتر ١ و نیو میلیارد دۆلارە کە ٩٣١ میلیۆن دۆلاری لە بوودجەی ئەمساڵی ئیسرائیلە و ٦٢١ میلیۆن دۆلاریشی لە بوودجەی ساڵی داهاتوویە. هەر بەپێی ڕاپۆرتی کاناڵی ١٢ی ئیسرائیل، بڕیارە بەشێکی بەرچاو لەو بووودجەیە بۆ بەهێزکردنی مانگە دەستکردەکانی ئیسرائیل تەرخان بکرێ تاکوو بتوانن بە شێوەیەکی باشتر ناوەندە ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامی بدۆزنەوە و چاوەدێریی بکەن.
هەروەها بەشێکی دیکە لەو ١ و نیو میلیارد دۆلارە، تەرخان دەکرێ بۆ دابینکردنی فڕۆکە و کەرەستە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل کە بڕیارە لەو هێرشەدا بەکار بهێنرێن. بەشێکی دیکە لەو بوودجەیە بۆ دزەکردنە ناو دامەزراوە و ناوەندە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران دیاری کراوە. هەرچەند تا ئێستا ئیسرائیل لە ڕێگەی فڕۆکە شەڕکەرەکانییەوە چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی ناوچە و کردەوەی سیخوڕی لەنێو دامەزراوە ناوکییەکانی ئێراندا هەبووە و هەوڵی لەناوبردنی پسپۆڕانی ناوکیی ئێرانی وەکوو موحسین فەخریزادە داوە، بەڵام هێرشکردنە سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە، کردەوەیەکی چاوەڕوان نەکراوە؛ چاوەڕوان نەکراو بەو مانایە کە دەکرێ بڵێین، هێرشی ئیسرائیل ئەگەرێکە و تا ئێستا نەچووەتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.
پێویستە بگوترێ کە ئەمریکاش لە ڕێگەی گەمارۆکانەوە دەورێکی بەرچاوی هەبووە لە لاوازکردنی جومگە ئابوورییەکانی ڕێژیمی ئێران و بەردەوام هەڕەشەی هێرشی سەربازیی لە کۆماری ئیسلامی کردووە. هەر لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزی ئاسمانیی ئەمریکا لە هەواڵێکدا ڕایگەیاند کە بۆمبێکی پێشکەوتووی ٥ هەزار پۆندی بە ناوی “جی بی یوو-٧٢” کە کێشی ٢ هەزار و ٢٦٨ کیلۆگرەمە، لە تاقیکارییەکاندا سەرکەوتوو بووە. کارناسانی بواری نیزامیی ئەمریکا دەڵێن ئەو بۆمبە، دەتوانێ کاریگەرییەکی بەرچاوی لە هێرش کردنە سەر دامەزراوە و ناوەندە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێراندا هەبێت. ئەمانە و چەندین هەوڵی ئیسرائیل و ئەمریکا، پلانگەلێکی نادیارن کە تا ئێستا لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران جێبەجێ نەکراوە.