لە درێژەی دانانی فەرماندەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران وەکوو پارێزگار و بەرپرسانی دەوڵەتی، ڕۆژی ڕابردوو بە بڕیاری ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران ٢ کەس لە فەرماندەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران کرانە پارێزگاری تەورێز و خۆراسانی باشوور.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، بە بڕیاری ئیبراهیم ڕەئیسی و پەسەندکردنی هەیئەتی وەزیرانی کابینەی ڕەئیسی، عابدین خوڕەم فەرماندەی سپای تەورێز و یەعقووبعەلی نەزەری فەرماندەی سپای خۆراسانی باشوور، وەکوو پارێزگاری ئەو دوو پارێزگایە دیاری کران.
شایانی باسە کە دانانی فەرماندەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران وەکوو پارێزگار و بەرپرسایەتییە جۆراجۆرەکان لە ئێراندا پێشینەیەکی دوور و درێژی هەیە، بەڵام ئەم جارە “ئەحمەد وەحیدی” وەزیری ناوخۆی ئێران کە بۆ خۆی یەکێک لە فەرماندەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بووە، بە بڕیاری ئیبراهیم ڕەئیسی هەموو جومگە سیاسیی و ئابوورییەکانی ئێران دەدا بە فەرماندەکانی سپا و بەم جۆرە بە تەواوەتی لە ئێراندا دامەزراوەیەکی سەربازیی دەسەڵات و بەڕێوەبەریی ئێران بەدەستەوە دەگرێ.
عابدین خۆڕەم، پیشینەیەکی وەکوو فەرماندەی سپای خۆی، جێگری فەرماندەی سپای تەورێز و فەرماندەیی سپای تەورێزی وەئەستۆ بووە و هەروەها هەواڵدەریی فارس پێشتریش ناوبراوی وەکوو” پارێزەری حەرەم” ناوبردووە کە لە سووریە وەکوو فەرماندە ئامادە بووە و ئیستا لەلایەن ئیبراهیم ڕەئیسییەوە کراوە بە پارێزگاری تەورێز.
هەروەها یەعقووبعەلی نەزەری، پێشینەیەکی وەکوو فەرماندەی سپای ئەنساروڵڕەزای خۆراسانی باشووری لەئەستۆ بووە و لە ساڵی ٩٤ی هەتاوییەوە فەرماندەی سپای خۆراسانی باشوور بووە و ڕۆژی یەکشەممە لەلایەن ئیبراهیم ڕەئیسییەوە وەکوو پارێزگاری خۆراسانی باشوور دیاری کراوە.