سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم ”محەممەدباقر قاڵیباف” ڕۆژی یەكشەممە ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، ئاماژەی بەوە كردووە كە گەڵاڵەگەلێكی زۆر بۆ تێكدانی ئاسایشی ناوچەكە و شەڕنانەوە لەنێوان وڵاتانی دراوسێی ئێران لە ئارادایە و بارودۆخی ڕۆژئاوای ئاسیای بە هەستیار ناوبرد.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕادیۆ فەرانسە سەرۆكی مەجلیسی ڕێژیم، باسی ئەوە دەكات كە وڵاتانی ڕۆژاوایی گەڵاڵەگەلێكی زۆریان داڕشتووە تاكوو شەڕ لەنێوان ڕێژیمی ئێران و وڵاتانی دراوسێی ساز بکەن و پێش بە هاوكارییە ناوچەییەكان بگرن. ناوبراو هەروەها داوای لە وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم كردووە تاكوو پێش بە گۆشەگیربوونی ئێران لە ناوچەكەدا بگرن و بیرێک بۆ ئەو كێشانەی ئێستای نێوان ڕێژیم و وڵاتانی ناوچەكە و هەروەها وڵاتانی جیهان بكەنەوە.
شایانی باسە کە ئاڵوگۆڕەكانی ئەم دواییانەی ناوچەكە وەكوو هاتنەسەركاری تاڵیبان لە ئەفغانستان، ناكۆكییەكانی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ وڵاتی ئازەربایجان، ئاساییکردنی پێوەندیی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و هەروەها هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییانەی وڵاتی عێراق كە شكستی لایەنگرانی ڕێژیمی ئێرانی لێكەوتەوە، هەموو مەترسیی لەسەر ڕێژیمی ئێران سازكردووە و لە ئێستادا ڕێژیم هەست بە گوشارێكی دەرەكیی بەهێز لە پەنا گوشارە ناوخۆییەكان دەكات و بەدوای ئەوە دایە كە ئاژاوەیەكی نوێ لە ناوچەكەدا بنێتەوە.