وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە مەجلیسی ڕێژیمدا وتی: وتووێژەکانی ڤییەن دەبێ لەو شوێنەوە کە ترامپ لە ڕێککەوتنی ناوکیی چووەتە دەرەوە دەسپێبکاتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فارس، حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ڕێژیم، ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە دانیشتنێکی مەجلیسدا، سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە وتووێژەکانی ئێران لەگەڵ یەکیەتیی ئورووپا لە بروکسێل ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو دەسپێدەکاتەوە و سیاسەتی تاران لەهەمبەر ڕێککەوتنی ناوکیی هەنگاو لە بەرانبەر هەنگاو دایە، وتی: ئێران داوا لە ئەمریکا دەکا نییەتپاکی خۆی نیشان بدا و پێش لە وتووێژەکان، هەوڵێکی جیددی بدا بۆ هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان.
ناوبراو لە درێژەدا بە ئاماژە بە یاسای هەنگاوە ستراتیژییەکان بۆ لابردنی گەمارۆکان کە پەسەندکراوی مەجلیسی ڕێژیمە، ئەو یاسایەی بە ئاسایی و بە بەشێک لە خواستی ئێران ناوبرد و وتی: ئەم یاسایە پەیامگەلێکی تایبەتی بۆ وڵاتانی بەشدار لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن تێدایە.