بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا، داوای لە بەرپرسانی ئێران کردووە کە کات بەفیڕۆ نەدەن و خێرا بگەڕێنەوە بۆ وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی ئەمریکایی”پۆلێتیکۆ” کە ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی بڵاوبووەتەوە، جۆزێف بۆرێل بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا، سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە کات بۆ ڕزگارکردنی ڕێککەوتنی ناوکیی ڕوو لە کۆتاییە، وتی: ڕاستییەکان سەلمێنەری ئەوەن کە ئێران گەڕانەوەی بۆ وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن زۆر وەدوا خستووە.
ڕۆژنامەی پۆلێتیکۆ لە زاری چەند کەس لە بەرپرسانی یەکیەتیی ئورووپا ڕایگەیاندووە کە نێردەی ئەو یەکیەتییە لە ئێران لە حەوتووی ڕابردوودا، نەیتوانیووە دەوڵەتی توندئاژۆی تاران بۆ دەسپێکردنەوەی وتووێژەکانی ڤییەن و بووژانەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی ڕازی بکا.
هەر لەم پێوەندییەدا بەرپرسێکی یەکیەتیی ئورووپا ڕایگەیاندووە کە بەرپرسانی ئێرانی تا ئێستاش ئامادە نیین بگەڕێنەوە بۆسەر مێزی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن.