یەک لە گرووپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران لە عێراق بە ناوی “نۆجەبا” کارگەی دروستکردنی تەقەمەنی لە سووریە دادەمەزرێنێ.
ماڵپەڕی “ئەلوەتەن”ی بەحرەینی لە زاری سەرچاوەیەکی چاوەدێری مافی مرۆڤ لە سووریە بڵاوی کردووەتەوە، میلیشیاکانی “نۆجەبا” لە باخەکانی شاری مەعدان لە ڕۆژهەڵاتی ڕەقە دەستیان بە دروستکردنی کارگەی چەکسازی کردووە.
هەروەا ئەو ماڵپەڕە بڵاوی کردووەتەوە، گرووپی میلیشیای نۆجەبا کە بڕیارەکانی لە دەسەڵاتدارانی ئێران وەردەگرێت، لەو کارگەیانەدا بێجگە لە چەک، سەکۆی مووشەکیی جۆراوجۆر دروست دەکات.
کارگەکان لەسەر باخەکانی ئەو هاووڵاتییانەی سووریە سازدەکرێن کە دوای دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی لە سووریە لە ساڵی ٢٠١١ و داگیرکردنی ناوچەکە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێران، خاوەنەکانیان چۆڵیان کردووە و چوونەتە دەرەوەی سووریە.
چاوەدێری مافی مرۆڤ لە سووریە پێشتر ڕایگەیاندبوو: لە ڕۆژی ٦ی ئۆکتۆبری ئەمساڵ کاروانێکی چەک و مووشەک لە ئێرانەوە لە ڕێگای دەروازە نافەرمییەکانی نێوان عێراق و سووریە، گەیێندراوەتە ناو خاکی سووریە و لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێران حەشار دراوە.
ئێران لە سەرەتای دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی سووریەوە، بە ناردنی چەک و لە ڕێگای میلیشیاکانەوە، پاڵپشتیی ڕێژێمی سووریە دەکات.