نوێنەرێکی مەجلیسی ڕێژیم دەڵێ ئاواتی ئەو کەسانەی وا دەیانهەوێ لە ئێراندا ببن بە خاوەنی ماڵ ١٧٨ ساڵ دەخایەنێ.
“عەبدولجەلال ئەیێری” وتەبێژی کۆمیسیۆنی ئاوەدانکردنەوەی مەجلیسی ڕێژیم دەڵێ: ئەو کەسانەی کە لە دەهەکی یەکەمی کۆمەڵگادان واتا چینی کەمداهات، دەبێ بۆ کڕینی خانوو ١٧٨ ساڵ چاوەڕوانی بکێشن و گرانی لە ڕادەبەدەر لە ئێستادا پشتی خەڵکی چەماندووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی بانکی ناوەندیی ڕێژیم نرخی ئاستی مامناوەندی ماڵ و زەوی لە تاران بۆ هەر میترێک سەرووی ٣٠ میلیۆن تمەنە و کڕینی ماڵێکی ٧٥ میتری لە شاری تاراندا ٢ میلیارد و ٣٠٠ میلیۆن تمەن تێچووی هەیە و بەو داهاتەی ئێستا و ئەو گوشارە ئابوورییانەی لەسەر خەڵکی ئێرانە، خاوەنماڵبوون خەیاڵە.
“عەبدولجەلال ئەیێری” دەڵێ: کڕینی ماڵێکی ٧٥ میتری بۆ دەهەکی یەکەمی کۆمەڵگا ١٧٨ ساڵ و بۆ دەهەکی دووهەم و سێهەم ١٠٩ و ٧٩ ساڵ، کات دەخایێنێ.
هەروەها ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو بڕە پارەی کە بنەماڵەکان لە داهاتی مانگانەیان بۆ خەرجی ماڵ دەبێ تەرخانی بکەن لە دێهاتەکان لە سەتا ١٨ و لە گەورە شارەکاندا دەگاتە لە سەتا ٦٠.