باڵوێزی ئیسرائیل لە ڕووسیە ڕایگەیاند کە ئیسرائیل، ڕووسیە و ئەمریکا لەهەمبەر بەڕێوەچوونی دانیشتنێکی هاوبەشی شۆرای ئاسایشی نەتەوەیی هەر سێ وڵات، لەسەر ئێران و سووریە ڕێککەوتنیان کردووە.
ئەلێکساندێر بێن زووی، باڵۆێزی ئیسرائیل لە ڕووسیە ڕۆژی شەممە ٢٤ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، بەهەواڵدەریی”ئێسپۆتینک”ی ڕووسیەی ڕاگەیاندووە کە تائێستا شوێن و کاتی ئەو دانیشتنەمان دیاری نەکردووە، بەڵام ئێمە ئامادەین میوانداری وڵاتانی ئەمریکا و ڕووسیە بکەین و ڕووداوەکانی ئێران و سووریە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێنینە بەرباس و قسەیان لەسەر بکەین.
هەر لەم پێوەندییەدا پێشتر یائێر لاپید، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو کە مانگی داهاتوو ئەو دانیشتنە بەڕێوە دەچێ و بەشێکی سەرەکیی لە دانیشتنەکانی ئەم سێ وڵاتە تەرخان کراوە بۆ کەمکردنەوەی هەژمۆنی و دەسەڵاتی ئێران لە سووریە.
جێگای ئاماژەیە کە چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە کە لەو ساڵانەی دواییدا ئیسرائیل بە نیشاندانی گڵۆپی سەوز لەلایەن ڕووسیەوە، هێرش دەکاتە سەر میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە و بەهۆی کێشەکانی ڕووسیە و ئێران لە سووریە، ڕووسیە هیچ جۆرە دژایەتییەکی لەگەڵ هیڕشی ئاسمانیی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ سووریە ب ەمەبەستی کەمکردنەوەی دەستێوەردانەکانی ئێران لەو وڵاتەدا نییە.