هاوپەیمانیی عەرەبی بە پشتیوانی لە دەوڵەتی یاسایی یەمەن ڕایگەیاند کە لە هێرشێکدا بۆسەر میلیشیا حووسییەکانی سەربە ڕێژیمی ئێران لە پارێزگای مەرئەب ١٦٠ میلیشیای حووسی کوژران و ١١ ماشێنی سەربازیی بە تەواوەتی لەنێو چوون.
هاوپەیمانیی عەرەبی، ڕۆژی شەممە ٢٤ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە لە ئاکامی هێرشەکانمان بۆسەر میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە ناوچەی ئەلعەبدییەی پارێزگای مەرئەب، ١٦٠ میلیشیای حووسی کوژران و ١١ ماشێنی سەربازیی ئەو گرووپە دژبەرەی دەوڵەتی یاسایی “یەمەن”مان لەنێو بردووە.
هاوپەیمانیی عەرەبی هەروەها لە درێژەی بەیاننامەکەیدا جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی دەوڵەتی یاسایی یەمەن، بە مەبەستی پاراستنی خەڵکی مەدەنی یەمەن لەهەمبەر هەوڵە تێرۆریستییەکانی میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران.
جێگای ئاماژەیە کە هاوپەیمانیی عەرەبی و ئەرتەشی نەتەوەیی یەمەن، ڕۆژی هەینی لە ڕۆژاوای پارێزگای مەرئەب لە هێرشێکدا، خەسارێکی گەورەیان گەیاندۆتە میلیشیا حووسییەکان و بە دەیان جار هێرشیان کردۆتە سەر مۆڵگەکانی ئەو گرووپە میلیشیایە لە پارێزگای مەرئەب.
لە بەشێکی دیکە لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە میلیشیا حووسییەکانی یەمەن بە پێشێلکردنی هەموو یاسا نێونەتەوەییەکان بە مووشەک هێرش دەکەنە سەر گوند و شارەکانی یەمەن کە شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی مەدەنییە.