سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، هەوڵی ئەوە دەدا کە جۆرێک لە مووشەکی “کڕووز” دروست بکات کە مەودای بڕینی دەگاتە ٢ هەزار کیلۆمیتر و ئەوەش مەترسیی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە دروست دەکا.
لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، “حوسێن سەلامی” فەرماندەی گشتیی سپای تێرۆریستی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە سەردانێکی بۆ ناوچەی کەنداو، باسی لەوە کردووە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا سپا مووشەکێکی درێژمەودا لە جۆری “کڕووز” دروست دەکا کە مەودای بڕینی ئەو مووشەکە ٢ هەزار کیلۆمیترە؛ ئەوە لە حاڵیکدایە کە سپای پاسداران بەردەوام لە ناوچەکەدا کردەوەی تێرۆریستی و تێکدەرانە ئەنجام دەدا و بە دروستکردنی ئەو جۆرە مووشەکەش ئاسایشی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەکی جیددییەوە.
ئەو مۆرەیەی سپای تێرۆریستی پاسداران هەروەها لەو سەردانەدا وتوویەتی: هێزی دەریایی سپا، مووشەکی درێژمەودای تا ئاستی ٣٥، ٩٠، ٣٠٠ و ٧٠٠ کیلۆمیتری هەیە و لە داهاتووشدا لەو بارەیەوە تواناییەکانی خۆی پەرە پێدەدا و مووشەکی کڕووزی درێژمەودا دروست دەکا؛ ئەوە لە کاتێکدایە کە بەرنامەی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران مەترسی و نیگەرانییەکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست کردووە.
شایانی باسە کە، ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی بەردەوام گۆشار بۆ ئەمریکا و یەکیەتیی ئورووپا دێنن کە لە وتوویژەکانی بەرجامدا، سنووردارکردنی بەرنامەی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران وەک یەکێک لە پێشمەرجەکانی ئەو ڕێککەوتنە بگونجێنن و نەهێلن چیدیکە ئەو ڕێژیمە ئاسایشی ناوچەکە بخاتە مەترسییەوە.