نوێنەرێکی پێشووی پەرلەمانی ئورووپا دەڵێ: سەبارەت بە ڕۆڵی “ئیبراهیم ڕەئیسی” لەهەمبەر جینایەتەکانی بەدژی مرۆڤایەتی، پەروەندەیەکی ١١١ لاپەڕەیی ڕادەستی پۆلیسی “ئێسکاتلەند” کردووە.
ئێسترا ئێستیوێنسۆن، نوێنەری پێشووی پەرلەمانی ئورووپا دەڵێ: من بە ڕەسمی داواکاریم بۆ فەرماندەیی پۆلیسی “ئێسکاتلەند” ناردووە، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی یاساوە بەدواداچوون بۆ تاوانی کۆمەڵکوژی و جینایەتەکانی “ئیبراهیم ڕەئیسی” سەرۆککۆماری ئێستای ڕێژیمی ئێران بەدژی مرۆڤایەتییەکانی بکات؛ یاسای دادوەریی نێونەتەوەیی ڕێگە بە دەوڵەتەکان دەدا کە بەبێ لەبەرچاوگرتنی شوێنی جینایەتەکان و ڕەگەزنامەی تاوانبار، لەبارەی کەسی تاوانبار بڕیاری سزادان دەربکەن.
هەروەها ناوبراو لە درێژەدا وتی: لە ئێستادا پەروەندەی ١١١ لاپەڕەیی وێڕای ٥ کەس لە قوربانییانی ڕاستەوخۆ یان نزیکانی کەسانێک کە بە فەرمانی “ئیبراهیم ڕەئیسی” ئەشکەنجە دراون یان لەسێدارە دراون خستراوەتە بەردەست پۆلیسی ئێسکاتلەند.
شایانی باسە کە پێشتریش “ئەکنێس کالامارد” بەرپرسی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی وتبووی: ئیبراهیم ڕەئیسی بە جێگای ئەوەیکە لە بابەتی جینایەتی دژی مرۆڤایەتی وەکوو کوشتن، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و ئەشکەنجە، لێکۆڵینەوەی لێبکرێت، بووەتە سەرۆککۆمار و ئەمەش تراژێدیایەکی تاڵە کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ئەم چەشنە تاوانبارانە دەپارێزێن.