وتەبێژی کۆشکی سپی، بە ڕەخنەگرتن لەوەیکە ئێران نایهەوێت بگەڕێتەوە بۆ وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن، وتی: ئەگەر بێمەیلی ئێران بەردەوام بێ، وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بە ئاکام ناگا.
جێن ساکی، وتەبێژی کۆشکی سپی، ڕۆژی هەینی ٢٣ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەهەمبەر”پلان و بەرنامەی جێگرەوە” لە کاتێکدا ئێران بیهەوێت درێژە بە وتووێژەکان نەدا، وتی: ئێمە بە ڕوونی و زۆر بە ئاشکرا دەمانهەوێت لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە بگەڕێینەوە بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی و هەموو نیگەرانییەکان لاببەین، بەڵام ئەگەر ئێران داواکاریی زیاتری ببێ و بیهەوێت لە دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی بەرجام کەمکاری بکا ئەوە وتووێژەکان بە ئاکام ناگا و شکست دێنێ.
ناوبراو لە درێژەدا ڕایگەیاند کە ئێران بە ئەنقەست ماوەی وتووێژەکان درێژ دەکاتەوە و نایهەوێ لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە کێشەکان چارەسەر ببێ و دەبێ ئێران ئەوەش بزانێ کە دەرگای دیپلۆماسی هەتاهەتایە بە ڕووی ئەو وڵاتەدا کراوە نابێ.