هەرچەندە تا ئێستا دوایین ئاکامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق ڕانەگەیێندراوە، بەڵام موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر بە ئاشکرا دەڵێ: سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق ئێمە دیاری دەکەین.
ناسر ئەلڕەبیعی، بەرپرسی هەیئەتی سیاسیی ڕەوتی سەدر و ئەندامی کۆمیتەی وتووێژی ئەو ڕەوتە، ڕۆژی هەینی٢٣ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ڕەوتی سەدر بە لەبەرچاوگرتنی ئەو سەرکەوتنە گەورەیە کە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقدا بەدەستیهێناوە، مافی خۆیەتی بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق دیاری بکا.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی عێراق، بەرپرسی هەیئەتی سیاسیی ڕەوتی سەدر جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە بەرپرسایەتیی بەڕێوەبەریی حکومەتی نوێی عێراق، ڕاستەوخۆ لەئەستۆی “ڕەوتی سەدر” دایە و دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی نوێ بە ڕێککەوتن نییە.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: دەوڵەتی نوێی عێراق لەلایەن پارتە سیاسییەکانەوە بەڕێوە دەبردرێ.
جێگای ئاماژەیە کە ڕەوتی سەدر لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا زیاتر لە ٧٠ کورسی لە ٣٢٩ کورسی پارلمانی بەدەستهێناوە، بەڵام بۆ پێکهێنانی دەوڵەت دەبێ لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی دیکەدا ڕێککەوتن بکا و بە تەنیایی هێزی دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی نییە.