سەرۆککۆماری ئازەربایجان، کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەرمەنستان بە قاچاخی ماددەی هۆشبەر لە سنوورەکانی ئەرمەنستان تۆمەتبار دەکا.
ئێلهام عەلیئێف، سەرۆککۆماری ئازەربایجان، ڕۆژی هەینی ٢٣ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆبوونەوەی شۆرای بەرپرسانی وڵاتانی هاوبەرژەوەند وتی: ئێران و ئەرمەنستان لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا بە هاوکاری و هاوبەشی کەڵکیان لە ناوچە سنوورییەکانی ئازەربایجان بۆ قاچاخی ماددەی هۆشبەر و گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر بۆ ئورووپا وەرگرتووە.
هەر لەم پێوەندییەدا سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لەهەمبەر قسەکانی سەرۆککۆماری ئازەربایجان وتی: ئەم قسانە دوورن لە ڕاستی و مایەی سەرسووڕمانە و لێدوانی سەرۆککۆماری ئازەربایجان لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل دایە.
جێگای ئاماژەیە کە ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئازەربایجان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە دەیان جار هەواڵی دەسبەسەرداگرتنی باری گەورەی ماددەی هۆشبەر کە لە ئێرانەوە ڕەوانەی ئورووپا دەکرا، بڵاوکردۆتەوە.