وەزیری دەرەوەی عەرەبستان، سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە وڵاتانی جیهان هەموو هەوڵێکی خۆیان وەگەڕخستووە کە ئێران بگەڕێننەوە بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی واژۆکراوی ساڵی ٢٠١٥ی زایینی، وتی: ئێران بە خێراترکردنی چالاکییە ناوکییەکانی، مەترسییەکی گەورەی بۆسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست و جیهان دروست کردووە.
فەیسەڵ بێن فەرحان، وەزیری دەرەوەی عەرەبستان، ڕۆژی هەینی ٢٣ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئەمریکا سەبارەت بە کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتی: وتووێژەکانی نێوان عەرەبستان وئێران لە کەشێکی دۆستانەدا بەڕێوەدەچێ، بەڵام تائێستا هیچ دەسکەوتێکمان لە وتووێژ لەگەڵ ئێراندا نەبووە و ئێران بەردەوامە لە پێشێلکارییە ناوکییەکانی و بە خێراترکردنی چالاکییە ناوکییەکانی، مەترسییەکی گەورەی بۆسەر جیهان و بەتایبەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست کردووە.
ناوبراو لە دڕێژەدا وتی: ئێمە لەسەر وتووێژەکان پێداگرین، بەڵام وتووێژ لەگەڵ ئێران بۆ ئێمە ڕووداوێکی گەورە نییە لەبەر ئەوەیکە عەرەبستان بەردەوام داوای ڕێگەچارەیەک دەکا کە ئاسایش و سەقامگیری بگەڕێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.