ئاماری ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە کوردستان و ئێراندا بەردەوام بەرز دەبێتەوە و لەماوەی هەر کاتژمێرێکدا دوو کەس بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست دەدەن.
بەپێی ئامارەکانی ناوەندی پزیشکیی یاسایی ڕێژیم، لە ماوەی ئەمساڵدا ڕووداوی هاتوچۆ بەنیسبەت ساڵی ڕابردوو ٥٧ لەسەد و ڕێژەی ئەو کەسانەی گیانیشیان لەدەستداوە ٤٩ لەسەد بەرز بووەتەوە؛ لە ساڵی ڕابردوودا ٨٠٠ هەزار ڕووداوی هاتوچۆ لە ئاستی ئێران و کوردستاندا ڕووی داوە کە گرینگترین هۆکارەکەی بۆ خراپبوونی ڕێگاوبان و ماشێنەکان دەگەڕێتەوە.
شارەزایانی بواری هاتوچۆ و ماشێنسازی، ڕەخنە لە پیشەی ماشێنسازیی ئێران دەگرن و لەسەر ئەو بڕوایەن کە پیشەی ماشێنسازی لە ئێراندا هیچ کوالێتێکی باشی نییە و بەرهەمهێنانی ماشێن لە جۆری “پراید” لە ئێراندا ڕەخنەی توندی لەسەرە و چەندجار بڕیار دراوە کە بەرهەمهێنانی ئەو ماشێنە کە بە “ئەڕابەی مەرگ” وەسف دەکرێ، پێشی پێبگیردرێ. بەپیی ئامارەکانی ڕێژیمی ئێران گیان لەدەستدانی هاووڵاتییان بە ڕووداوی هاتوچۆ لە ئێران لە ساڵێکدا لەگەڵ ئاماری تەلەفاتی شەڕێکی قورس یەکسانە.