ڕۆژێک دوای سەفەری نوێنەری یەکیەتیی ئورووپا بۆ ئێران، بەرپرسێکی پلەبەرزی یەکیەتیی ئورووپا وتی: ڕێژیمی ئێران تا ئێستاش ئامادە نییە بگەڕێتەوە بۆ وتووێژەکانی ڤییەن، بەڵام دوولایەن لە حەوتووەکانی داهاتوودا لە “بروکسێل وتووێژ دەکەن.
ڕۆژی هەینی ٢٣ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، ئەو بەرپرسە پلەبەرزەی یەکیەتیی ئورووپا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بێ، بە هەواڵدەریی “ڕۆیتێرز”ـی وت: دەستەی دانوستانکاری نوێی ڕێژیمی ئێران دەیهەوێ لە دانوستانەکان لەگەڵ بەرپرسانی یەکیەتیی ئورووپا لە بروکسێل لەبارەی دەقی نووسراوەی وتووێژەکانی ناوکیی وتووێژ بکەن.
ناوبراو بەڕیوەچوونی دانوستان لە “بروکسێل”ـی بە بیرۆکەیەکی باش ناوبرد و وتی: ئەو وتووێژە دەرفەت بە دوو لایەن دەدا بۆ ئەوەی دەقی نووسراوەی وتووێژەکان بە باشی هەڵسەنگێنن و دەستەی دانوستانکاری نوێی ڕێژیمی ئێران ئەگەر پرسیارێکیان هەبێ ڕوون بکرێتەوە، لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی فەرانسە داوای کردووە کە، بە زووترین کات دانوستانەکانی ڤییەن بۆ بووژانەوەی بەرجام بەڕێوە بچێ.