حەوتوویەک پاش تەقینەوەیەک لە مزگەوتی شیعەکانی “قۆندووز”ـی ئەفغانستان، ئەمجارەیان لە شاری “قەندەهار”ـی ئەو وڵاتە بۆ جارێکی دیکە تەقینەوەیەک لە مەزگەوتێکدا ١٥ کوژراو و ٣١ برینداری لێ کەوتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی “ڕۆیتێرز” ڕۆژی هەینی ٢٣ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لەکاتی نوێژی هەینی لە مزگەوتی شیعەکان، لە شاری “قەندەهار”ی وڵاتی ئەفغانستان کە لەژێر دەسەڵاتی گرووپی تاڵیباندایە، تەقینەوەیەکی خۆکوژی ڕووی داوە و بەو هۆیەوە ١٥کەس کوژراون و ٣١ کەسی دیکەش بریندار بوون کە ژمارەیەکیان برینەکانیان سەختە و ئەگەری ئەوە هەیە کە ژمارەی کوژراوان زیاتر بێ.
جێی ئاماژەیە کە تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە هیچ گرووپێک، بەرپرسایەتی ئەو تەقینەوەی لەئەستۆ نەگرتووە و گرووپی تاڵیبانیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەسەر ڕووداوەکە نەداوە، بەڵام پێشتر ڕێکخراوی تێرۆریستی داعش بەرپرسایەتیی تەقینەوەکەی قۆندووزی وەئەستۆ گرتبوو.