کڕینی شتومەک لەلایەن کرێکارانەوە لە کۆتایی مانگی پووشپەڕ بە بەراوەرد لەگەڵ مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ لەسەتا ٣٢.٤دابەزیوە.
“فەرامەرز تەوفیقی”، بەرپرسی کومیتەی حەق دەستی شۆرای ئیسلامی کار دەڵێ: توانای کڕینی شتومەک لەلایەن کرێکارانەوە لە کۆتایی مانگی پووشپەڕ بە بەراوەرد لەگەڵ مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ لەسەتا ٣٢.٤ دابەزیوە و هۆکاری سەرەکی ئەو شتەشی دابەزینی بایەخی ڕیاڵ لە بەرانبەر دۆلار و هەڵاوسان زانیوە.
لەم ماوەیەدا نوێنەرانی سێنفی کرێکاران داواکارییەکانی خۆیان ئاراستەی وەزارەتی کار کردووە بەڵام “حوجەتوڵا عەبدولمەلەکی” وەزیری کاری ڕێژیم هیچ وڵامێکی بەم داواکارییانە نەداوەتەوە
وەزارەتی کار لە کاتێکدا دانانی کۆبوونەوەی کرێکاران و خاوەن کار بە پێویست نازانێ کە لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەمی داهاتی مانگانە بۆ بژێوی ژیانی بنەماڵەیەکی ٤ کەسی نزیک بە ١١ میلیۆن تمەن بەراوەرد کراوە و لە ئێستادا بارودۆخی بنەماڵەی کەسانی خانەنشین کراو و کرێکاران زۆر سەخت و دژوارە.
نوێنەری کرێکاران لە شۆرای باڵای کار بە ئاماژە بەوەیکە لەکاتێکدا خێرایی گرانی شتومەک و پێداویستییەکانی ژیان تەنگی بە بنەماڵە و کرێکاران هەڵچنیوە بەڵام هیچ بەرنامەیەک بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە لەلایەن بەرپرسانەوە بوونی نییە.