نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئیران دەڵێ: جیهان دەبێ خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێرانێکی ناوکیی ئامادە بکا.
ماڵپەڕی” ئاکسیۆس” لەزاری بەرپرسانی ئەمریکایی وئیسرائیلییەوە، ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە بەرپرسانی ئەمریکایی وئیسرائیلیی دەڵێن: لەکاتێکدا وتووێژە ناوکییەکان لەگەڵ ئێران بۆ دووبارە کردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی بەهۆی ئێرانەوە ڕاوەستاوە، دەوڵەتی بایدێن تووشی کێشەیەکی گەورە و نوێ بووە، کێشەکەش ئەوەیە کە ئایا گوشاری زیاتر بۆسەر ڕێژیمی ئێران، ئەو ڕێژیمە ناچاردەکا بگەڕێتەوە بۆ وتووێژەکان؟ یان دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەیکە بەرنامەی ناوکیی ئێران زۆر خێراتر پەرەبستێنێ.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ئاکسیۆس ئێسرائیلییەکان گوشارێکی زۆریان خستۆتەسەر تیمی ئەمریکایی بە سەرپەرەستی جەیک سالیوان، بەڵکوو بتوانن لە ڕێگای گەمارۆی زیاتر و هێرش بۆسەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران ئەو ڕێژیمە ناچار بە وتووێژ بکەن.
لەلایەکی دیکەوە ڕابێرت مالی، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران لە کۆنفراسێکی ئانلایندا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە کۆتایی هەر ڕۆژێک ئەو ڕاستییە بۆ ئەمریکا زیاتر دەسەلمێنێ کە ئێران نایهەوێت بە شێوەیەکی ئاشتییانە و لە ڕێگای وتووێژەوە کێشەکان چارەسەر بکات.
مالی لە درێژەی کۆنفراسەکەدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێ خۆمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێرانێکی ناوکیی ئامادە بکەین.