سپای تێرۆریستی پاسداران ڕایگەیاندووە کە دە کەسیان لە بووشێهر بە تاوانی سیخوڕیکردن بۆ وڵاتانی دیکە دەسبەسەر کردووە.
هەواڵدەریی فارس کە سەر بە سپای پاسدارانە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات، ١٠ کەسیان لە بووشێهر، بە تاوانی سیخوڕیکردن و پێوەندیگرتن بە دەزگا ئیتلاعاتییەکانی هێندێک لە وڵاتانی بیانی دەسبەسەر کردووە.
لەو ڕاپۆرتەدا بەبێ ئەوەی ئاماژە بە وردەکارییەکان لەو پێوەندییەدا بکرێ، وتراوە کە ئەو کەسانە لەلایەن ئیتلاعاتی سپا و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە و بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ وڵاتانی بیانی و ناردنی زانیاری سەبارەت بە ناوەندە هەستیارەکانی ئێران بۆ ئەو وڵاتانە دەسبەسەر کراون.
شایانی باسە کە تەنیا وێستگەی وزەی ناوکیی ئێران لە بووشێهر هەڵکەوتووە و ئەو بانگەشەیەی سپای پاسداران لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار ناوەندە هەستیارە ئەمنییەتییەکان و دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران هێرشیان کراوەتە سەر و خەساری قورسیان بەرکەوتووە.