بەپێی لێکۆڵینەوەکانی دیوانی ژمێریاری ڕێژیم سەبارەت بەو مۆڵەتنامانەی کە بۆ کردنەوەی دەرمانخانە دراون، دەرکەوتووە کە ١٠٠٠ کەس لە بەرپرسانی ڕێژیم لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتە گەندەڵە، ئیزنی کردنەوەی دەرمانخانەیان وەرگرتووە.
بەپێی ئەم لێکۆڵینەوە نزیک بە ١٣ هەزار دەرمانخانە لە ئێراندا بوونی هەیە کە خاوەنی ٨١٢ دەرمانخانە، کاربەدەست و بەرپرسی دەوڵەتین و ٢٢١ کەسی دیکەش لە بەرپرسانی بەشی دەرمانن کە ڕاستەوخۆ سیاسەتی کەرتی دەرمانی ڕێژیم دادەڕێژن.
هەروەها ١٧٧ کەس کە لە بەشەکانی دیکەی دەرماندا خەریکی کارن، لە بەشی فەننی دەرمانخانەکاندا بە شێوەی کاتیی کار دەکەن.
شایانی باسە ئەو دۆخە لە حاڵێکدایە کە زۆربەی ئەو کەسانەی کە لە بواری دەرمانسازیدا خوێندنیان تەواو کردووە و بە شێوەی ئاکادێمیک و زانستی کاریان کردووە، لە هیچ بەشێکی دەوڵەتی و تایبەتی بە هۆکاری زاڵبوونی نیزامی ڕانتی کاریان دەست ناکەوێ، کە ئەمەش بووە بەهۆی کۆچی کەسانی شارەزا و پسپۆڕی بواری دەرمانسازی بۆ دەرەوەی وڵات.