ژمارەیەک لە نوێنەرانی دێموکرات و کۆماریخوازی کۆنگرەی ئەمریکا داوایان لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان کردووە کە، ئینتێرنێتی بێسانسۆر بۆ خەڵکی ئێران دابین بکرێت.
لە نامەیەکدا ژمارەیەک لە نوێنەرانی دێموکرات و کۆماریخوازی کۆنگرەی ئەمریکا، داوایان لە “ئانتۆنی بلینکێن” وەزیری دەرەوە و “جێنێت یەلێن” وەزیری خەزێنەداریی دەوڵەتی “جۆ بایدێن” کردووە کە ئینتێرنێتی بێسانسۆر بۆ خەڵکی ئێران دابین بکەن.
ئەو نوێنەرانە پێکهاتوون لە ١٤ نوێنەری دێموکرات و ٧ نوێنەری کۆماریخواز کە داوایان لە “بایدن” کردووە بەدواداچوون بۆ ئەوە بکا، ئایا خەڵکی ئێران دەتوانن بە شێوەی یاسایی دەستیان بە ئامێری پێشکەوتووی ئازادیی ڕادەربڕین و پێداویستییەکانی دەسپێڕاگەیشن بە زانیاریی ڕاست، ڕابگات یان نا.
هەروەها لەو نامەیەدا هاتووە کە لە سەردەمی سەرۆککۆماریی “ئیبراهیم ڕەئیسی”ـدا کە ڕابردووەکەی بەنیسبەت پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، بۆ هەمووان ڕوون و ئاشکرایە، لەوانەیە خێرایی بەرتەسککردنەوەی دەسپێڕاگەیشتنی خەڵکی ئێران بە زانیاری زۆرتر ببێ و لە مەجلیسی کۆماری ئیسلامیدا گەلاڵەیەک پەسند کراوە کە ڕێژیمی ئێران دەستی ئاواڵە بێ کە ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەی گشتی بخاتە ژێر چاوەدێری و کۆنترۆڵی ڕێکخراوە ئیتلاعاتی و ئەمنییەتییەکانەوە.