ماڵپەڕی “میدێل ئیست مانیتۆر” لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات کە سپای تێرۆریستی پاسداران دەستی کردووە بە دامەزراندنی هێزێکی توندئاژۆی هاوشێوەی حیزبوڵای لوبنان لە وڵاتی ئازەربایجان بە ناوی”حوسێنیوون”، کە هاوڕێچکە و هاوبیری باقی هێزە توندئاژۆکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە دەرەوەی وڵاتن.
لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هەموو خاڵە سەرەکی و هێماکانی باقیی هێزە تێرۆریستەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی وەکوو بەکارهێنانی ڕەنگی زەرد و سەوز و چەکێک لە دەستدا لە ناو ئاڵای گرووپی حوسینیووندا دەبیندرێ.
کۆماری ئیسلامیی ئێران چەندین ساڵە تێدەکۆشێ دەسەڵات و بیرۆکەی خۆی بە خەرجکردنی پارە و تێچوویەکی زۆر بەسەر وڵاتی ئازەربایجاندا زاڵبکات، بەڵام تاکوو ئێستا دەسکەوتێکی ئەوتۆی نەبووە.
پێشتریش “حیزبی ئیسلامیی ئازەربایجان” کە لە ساڵی ١٩٩١ بە پشتیوانیی ئێران دامەزرابوو، توانیبووی تەنیا ٤ ساڵ بەردەوام بێت و پاشان بە تاوانی وەرگرتنی یارمەتی لەلایەن ڕێژیمی ئێران و هەوڵدان بۆ کودەتا و هێنانە سەرکاری ڕێژیمێکی ئیسلامی لەو وڵاتە، هەڵوەشێندرایەوە.
بە وتەی ماڵپەڕی میدێل ئیست مانیتۆر، هێزەکانی سپای قودس لە سەرەتای ١٩٩٠ زایینیەوە لە وڵاتی ئازەربایجان خەریکی ئاژاوەگێڕی و پیلانداڕشتنن و بە یارمەتی ئەوان لە ساڵی ١٩٩٣ “حیزبوڵای ئازەری” لەو وڵاتە دامەزرا کە دەسڕێژیان کردە سەر باڵوێزخانەی ئامریکا لە باکو.
بە بڕوای کارناسانی سیاسی، دامەزراندنی هێزی حوسێنیوون لە ئازەربایجان هەوڵێکی دیکەی ڕێژیمی ئێرانە بۆ ئاژاوەگێڕی لە ناوچەی قەفقاز بە تایبەت وڵاتی ئازەربایجان.
جێی ئاماژەیە کە وڵاتی ئازەربایجان وڵاتێکە کە زۆربەی خەڵکی شوێنکەوتەی ئایینی ئیسلام و مەزهەبی شیعەن، بەڵام لەو وڵاتە ئایین و سیاسەت بە گشتی لێک جیایە و کەسانی ئایینی مافی دەستێوەردانیان لە کاروباری سیاسی ئەو وڵاتەدا نییە.