قاچاخچییەکی ئێرانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەمریکاوە بە تاوانی گواستنەوەی سەدان کیلۆ ماددەی هۆشبەری “هێرۆئین” بۆ ئەو وڵاتە دەسبەسەر کراوە.
ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، بەرپرسانی دەزگای دادی ئەمریکا ڕایانگەیاند کە، قاچاخچییەکی ئێرانیان بە ناوی “مالکمحەممەد بەلووچزێهی” ناسراو بە “مالک خان” بە تاوانی هێنان و بڵاوکردنەوەی سەدان کیلۆ مادەی هۆشبەر لە ئێرانەوە بۆ ناوچەیەک لە باشووری نیویۆرک دەسبەسەر کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی دەزگای دادی ئەمریکا، بەلووچزێهی قاچاخچییەکی گەورەی ماددەی هۆشبەر بووە کە چەندین جار کاری لەو شێوەیەی کردووە و گومان دەکرێ کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیش هاوکار بووبن بۆ هەناردەکردنی ئەو ماددە هۆشبەرانە بۆ ئەمریکا.
دەیمین ویلیامز، دادئەستێنی ئەمریکا لە باشووری ئەیالەتی نیویۆرک و بەرپرسی ئیدارەی ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکانی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە، مالکمحەممەد بەلووچزێهی بە تاوانی هاوردەکردنی ماددەی هۆشبەر لە ئێرانەوە بۆ ئەمریکا و دابەشکردنی لە ئەیالەتەکانی ئەو وڵاتە دەسبەسەر کراوە و دانی بە تاوانەکەی داناوە.