ئیسماییل قائانی، پاش ڕاگەیاندنی ئاکامی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە سەردانێک بۆ لای میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە تاران، گەیشتە بەغدا.
هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا لە زاری دیپلۆماتێکی ئورووپاییەوە ڕایگەیاند کە ئیسماییل قائانی، بەرپرسی سپای قودسی رێژیمی ئێران، هاوکات لەگەڵ کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق، بە مەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران و خۆئامادەکردنی ئەو گرووپانە بۆ قۆناغی پاش هەڵبژاردنەکان و هەروەها مانەوەی ئەو گرووپانە لە دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراق، گەیشتە بەغدا.
هەر لەم پێوەندییەدا یەکێک لە فەرماندەکانی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران وتی: ئێمە وەک گرووپە چەکدارەکانی عێراق بۆ مانەوەمان لە دەسەڵاتی دەوڵەتی داهاتووی عێراقدا، ئەگەر پێویست بێ، بیناکانی سەر بە ڕەوتی سەدر لە عێراق ئاگر تێبەر دەدەین.
لەلایەکی دیکەوە هادی عامری، فەرماندەی سپای بەدر و بەرپرسی هاوپەیمانی فەتح کە سەر بە رێژیمی ئێرانە و لەم هەڵبژاردنانەدا شکستی خواردووە دەڵێ: لە دەنگەکاندا ساختەکاری کراوە و بە هیچ جۆرێک ئاکامی هەڵبژاردنەکان قەبووڵ ناکەین.
هاوکات بەپێی سەرچاوە خۆجێیەکانی عێراق، ئەرتەشی ئەو وڵاتە لە پارێزگاکانی بەغدا و نەجەف لە حاڵەتی ئامادەباش دایە و گەڕەکە کوردییەکانی شاری کەرکووکیش بە ئەمنییەتی کراوە.