وەزیری پیشووی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ: نەرمی نواندنەکانی ئەمریکا لەگەڵ رێژیمی ئێران کە ئەو وڵاتەی چاونەترستر کردۆتەوە، لە کۆتاییدا ئیسرائیل ناچار دەکا هێرشی سەربازیی بکاتە سەر ڕێژیمی ئێران.
مایک پۆمپێئۆ، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە دەیەمین کۆنفرانسی دیپلۆماتیکی ڕۆژنامەی “جێروزاڵم پۆست” ڕایگەیاند کە بڕیاری ترامپ بۆ هاتنەدەرەوە لە ڕێککەوتنی بەرجام بڕیارێکی دروست بوو و سیاسەتەکانی دەوڵەتی ترامپ بەدژی ڕێژیمی ئێران، جیهانێکی پڕ لە ئاسایش و ئاشتی سازکردبوو.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: ئێمە هەموو سەرچاوە داهاتەکانی ئێرانمان داخست و قورسترین گەمارۆکانمان بەسەر ئەو ڕێژیمەدا سەپاند و هەروەها ئیزنمان نەدا کە ئەو ڕێژیمە هێزەکانی بۆ هەڕەشە لە وڵاتانی عەرەبی بەکار بێنێ و کوشتنی قاسم سولەیمانی یەکێک لە گەورە تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەمریکا پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی لە هەموو جیهاندا دەکا و ئەو ڕێگایەی کە ئێمە گرتبوومانەبەر، پێشی لە دەسپێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ناوکیی دەگرت.
مایک پۆمپێئۆ لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: نەرمی نواندنی ئەمریکا سەربارەت بە رێژیمی ئێران ئەو رێژیمەی چاونەترستر و بوێرتر کردۆتەوە و ئەم نەرمی نواندنەی ئەمریکا دەبێتە هۆکارێک کە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئیسرائیل بە تەنیا هێرشی سەربازیی بکاتە سەر ڕێژیمی ئێران.